زایەڵە- کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێم بە وەکالەت :پێشبینی دەکەین سەرەتای ساڵی داهاتوو نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە.
لە قۆناغی یەکەمدا(16) دۆلار بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت خەرج دەکرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا وەک حکومەتی هەرێم چەندان ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی واژۆ کرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.
بەڵام خاڵێکی ناو یاسای بودجەی گشتی عێراق کە تێچوی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی بە شەش دۆلار لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ڕێگر بووە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و هەناردەکردنەوەی نەوت.
هەولێر و بەغداد لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی ناو یاسای بودجە و زیادکردنی تێچووی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بۆ نزیکەی (20.6) دۆلار ڕێککەوتون و لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی (16) دۆلار بۆ کۆمپانیاکان خەرج دەکرێت.
لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ڕێککەوتوین، دوای هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی یاسای بودجە، کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتیی بێلایەن، وردبینی لە دیاریکردنی تێچووی دەرهێنان و هەناردەی نەوت بکات و ماوەی 60 ڕۆژ مۆڵەت بە کۆمپانیاکە دەدرێت ئەو بڕە ڕاستەقینە دیاری بکات.
بە دوری دەزانین لە پەرلەمانی عێراق ڕێگریی لە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی خاڵی تایبەت بە تێچوی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە ڕێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەو مەبەستە کراوە.
پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ هەمواری یاساکە پەسەند بکرێت، ئامادەکارییەکان تەواو ببن و سەرەتای ساڵی داهاتوو (2025) هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.
نەوتەکە لە ڕێگەی بۆری نەوتی جەیهانی تورکیاوە هەناردە دەکرێتەوە، چونکە عێراق دوو بۆری نەوتی ئوردن و سووریای هەیە، بەڵام کار ناکەن، ڕێککەوتن کراوە هەر لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردەکردنەکە بکرێت.
کامەران کەریم