زایەڵە-  وەزارەتەکانی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق دەڵێن "لە پلانیان دایە لە داهاتوودا زیاتر لە 6 لیوای هاوبەش دروستبکەین."

 عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و سەرپەرشتیاری سەرژمێریی ناوچەی ئەمنیی هاوبەش رایگەیاند،"دروستبوونی  دوو لیوای پێشتری هێزە هاوبەشەکان وەکو تاقیکردنەوەیەک بووە، کە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لێی سەرکەوتوو بوون.

بە وتەی عەبدولخالق تەڵعەت، "ئێستا ئەم دوو لیوایە شوێنەکانی خۆیان گرتووە، هەموو کارەکانیان بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچن.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق راشیگەیاند، "ئەو شوێنانەی کە ماون بە دوو لیوا پڕ نابنەوە، ئەگەر سەرکەوتووبین لەو کارەی ئێستا دەیکەین، لە ساڵانی داهاتوو پێویستمان بە زیاتر لە شەش لیوایە، کە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق دروستی بکەین.

 وتیشی، "ئێستا لە ناوچەکانی قەرەچووخ، سەرگەڕان و تا دەگاتە سنووری کەرکووک، هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئەو ناوچانە دەپارێزن، لە ساڵانی داهاتوو کورد بە ئاسانی دەتوانن لەو ناوچانە کشتوکاڵ بکەن.


کامەران کەریم