زایەڵە- سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ڕایگەیاند، پڕۆسەی سەرژمێری لەڕووی ئیدارییەوە سەركەوتوبوو، بەڵام كورد هێشتا نیگەرانە لە هەندێك واقع كە دروستكراوەو لەهەندێك ناوچەی كوردیش پڕۆسەكە ئەنجام نەدراوە، دەشڵێت، "تا سەرژمێری ساڵی 1957 بە بنەما وەرنەگیرێت، ئەنجامەكانی ئەو سەرژمێرییە پەسەند ناكەن.

 فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،لە زۆرجێگادا كە خاڵی هاوبەش بووە لە نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجام نەدراوە، هەروەها لە ژمارەیەك گەڕەكی خوارووی كەركوك زیادەڕەوی كراوە، هەرچەندە نەمان ویستوە زۆر تێبینی بخەینەڕوو بۆ ئەوەی ئەو متمانەیەی لە نێوان پێكهاتەكانی كەركوكدا هەیە بمێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە وەك كورد زۆر نیگەرانین.

 باسی لەوەشكرد، كاتێك ئەنجامی سەرژمێری پەسەند دەكەن، كە لیژنە هاوبەشەكەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی پێداچونەوەو وردبینی بە ناوەكاندا بكەن و لەسەر بنەمای سەرژمێری ساڵی 1957، هەرسێك ناوی لەسەرژمێری 1957دا نەبو، بەڵام ناوی لە سەرژمێریەكەدا تۆماركرابو بگوازرێتەوە بۆ ناوچەكەی خۆی، بڕیاریشە تا لیژنەكە كارەكانی تەواو نەكات ئەنجامەكان ڕانەگەیەندرێن.

 ئەوەشی خستەڕوو، ڕێككەوتن لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند كراوە، ئەوان ئەوكاتە سەرژمێری بە دوا بڕیار وەردەگرن، كە سەرژمێری ساڵی 1957 بە بنەما وەرگیرابێت بۆ سەرجەم ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوەش لە خانەقینەوەی تا شەنگال دەگرێتەوە. 

کامەران کەریم