زایەڵە- لە بنكۆڵكارییەكدا لەسەر زنجیرە دراما توركیەكان، دەركەوتووە لە هەر ئەڵقەیەكی ئەو زنجیرە درامایانەدا نۆ جار توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت.

لە بنكۆڵكارییەكدا كە لەسەر 14 زنجیرە درامای توركی ئەنجام دراوە، سێ هەزار و 13 جار دیمەنی توندوتیژی دژی ژنان نیشان دراوە. 

دامەزراوەی مافەكانی ژنان و دیموكراسی KADEM لە بنكۆڵكارییەكدا لە دیمەنەكانی ئەنجامدانی توندوتیژی لەو زنجیرە دراما توركییانەی كۆڵیووەتەوە كە زۆرترین بینەریان هەیە لەو وەرزانەی لە 2023 و 2024 لە ڕێگای تەلەڤزیۆن و ئینتەرنێتەوە بڵاو كراونەتەوە.

دەركەوتووە لە كۆی 14 زنجیرە دراما، سێ هەزار و 13 جار دیمەنی توندوتیژی دژی ژنان نیشان دراوە.

لە كاتێكدا كەرتی بەرهەمهێنانی زنجیرە دراماكان داهاتێكی باش بۆ توركیا دابین دەكات و 170 وڵاتی جیهان ئەو زنجیرە درامایانە لە توركیا دەكڕن، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی زنجیرە دراماكان ڕۆڵێكی ئێجگار گرنگ دەگێڕن بۆ ئاراستەكردنی خەڵك و كاریگەری لەسەر دەرونی وەرگر دادەنێن.

لە میانی بنكۆڵكارییەكەدا تەنها سەرنج خراوەتە سەر نیشاندانی ئەو دیمەنانەی توندوتیژی كە لە بەرامبەر ژنان ئەنجام دراون.

لە كاتێكدا لەو زنجیرە درامایانەدا چەندین توندوتیژییش دژی پیاوان و گیانلەبەرانیش ئەنجام دراون.