زایەڵە - فەرماندەى گشتى هەسەدە ئاشکرایدەکات کە هێزەکانیان لە حەلەب روبەڕوى هێرشى چڕ بونەتەوە و دەشڵێت: کاریان لەسەر دروستکردنى رێڕەوێکى مرۆیی کردوە بۆ پاراستنى گەلەکەیان، بەڵام گروپە هاوپەیمانەکانى تورکیا رێڕەوەکەیان تێکشکاندوە.

مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتى هەسەدە، لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتى:" گۆڕانکارییەکان لە باکور و رۆژئاواى سوریا زۆر بە خێرایی رودەدەن، هێزەکانمان لە چەند بەرەیەکەوە روبەڕوى هێرشى چڕ بونەتەوە و سوپاى سوریا و هاوپەیمانانیشیان کشاونەتەوە و تێکشکاون.

ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە دواى تێکشکانى سوپاى سوریا کاریان کردوە بۆ کردنەوەى رێڕەوێکى مرۆیی لەنێوان ناوچەکانیان و حەلەب و تەل رەفعەت بۆ پارێزگاریکردن لە گەلەکەیان لە کۆمەڵکوژیی، بەڵام هێرشى گروپە چەکدارەکانى هاوپەیمانانى تورکیا رێڕەوەکەیان بڕیوە و تێکشکاندوە.

ئەوەشى خستوەتەڕو کە هێزەکانیان  بوێرانە لە حەلەب و تل رەفعەت و شەهبا بەرگریان کردوە و لە ئێستاشدا لەگەڵ تەواوى لایەنە ئاگادارەکانى سوریا لەسەر هێڵن بۆ گواستنەوەى هاوڵاتییە کوردەکان لە تل رەفعەت و شەهباوە بۆ ناوچە سەلامەتەکانى باکور و رۆژهەڵات.

جەختیشى کردوەتەوە کە هێزەکانیان بەردەوامن لە پارێزگاریکردن لە هاوڵاتییانى کورد لە گەڕەکە کوردنشینەکانى حەلەب.