زایەڵە - سەرۆک کۆماری سووریا ئەو رووداوانەی کە لە باکووری وڵاتەکەی روودەدات بە هەوڵێک بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە ناودەبات. 
 
رۆژی دووشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆکایەتیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران قسەی کردووە.
 
سەرۆکایەتی سووریا دەڵێت، ئەسەد لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا بە پزیشکییانی راگەیاندووە، "پەرەسەندنە تیرۆریستییەکان گوزارشت لە ئامانجە دوورمەوداکان بۆ دابەشکردنی ناوچەکە و پارچەپارچەکردنی وڵاتانی ناوی و دووبارە کێشانەوەی نەخشەکە بەگوێرەی ئامانجەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا دەکات".
 
لە رۆژی چوارشەممەوە گرژییەکانی نێوخۆی سووریا زیادیانکردووە، ئەمە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە دەستەی تەحریری شام و گرووپە نزیکەکانی دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، بەتایبەت حەلەب، کرد.