زایەڵە - ئەدھەم بارزانی ڕایگەیاند: "ئەو ھێرشانەی دەستی پێكردووە لە رۆژئاوای كوردستان و ھەندێك لە شارەكانی كۆماری عەرەبی سوری زەنگێكی مەترسیدارە."

دەقی پەیامەکەی ئەدهەم بارزانی بەهۆی ئاڵۆزیەکانی سوریاوە: 

بەناوی خوای گەورە و میھرەبان..

گەلی كوردی خۆشەویست لە ھەر شۆێنێك بن

ئازادی خوازان و تێكۆشەران لە پێناو ئازادی

 ئازیزان میللەتانی دووەلی رۆژھەڵاتی ناڤین

ئەو ھێرشانەی چەند رۆژێك لە مەوبەر دەستی پێكردووە لە رۆژئاوای كوردستان و ھەندێك لە شارەكانی كۆماری عەرەبی سوری زەنگێكی مەترسیدارە بۆ تێكچوونی ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناڤین و جیھان

و بەتایبەتی تر بۆ لە ناوبردنی دەستكەوتەكانی ٣٣ ساڵەی رابردوی گەلی كورد لە چوارچێوەی فیدڕاڵی دا لە باشوری كوردستان و ١٣ ساڵەی دەستەڵاتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان.

ئەگەر ھەموو لایەنە كوردیەكان بەبێ جیاوازی و خێرخوازەكان پێكەوە لە بەرامبەر ئەم شەڕە ھەڵوێست وەرنەگرن و رێگا چارەیەك بۆ كێشەكان نەدۆزنەوە ئەم ئاگرە بەرۆکی ھەمولایەنەكان دەگرێتەوە.

ھەموومان بە ھەڵوێستی ماوەیەك پێش ئێستای  سەرۆك كۆماری توركیا و ھەندێك لایەنی توركی خۆشحاڵ بووین كە باس لە چارەسەری دۆزی ڕەوای گەلی كوردیان كرد لە باكوری كوردستان و پەنابردن بۆ دورگەی ئیمراڵی، كە بە دروسترین رێگامان بینی بۆ دۆزینەوەی كلیلی چارەسەر كردنی دەرگای كێشەكان كە دیارە ئەم كلیلە لە گیرفانی بەرێز عەبدالله ئو*جە*لان دایە.

ھیوادارم ئێمە میللەتانی رۆژھەڵاتی ناڤین كە خوای گەورە قەدەری پێكەوە ژیانی بە ئێمە بەخشیوە لە چوار چێوەی ھەڵكەوتی جوگرافیمان دا بەرەو  چارەسەریەك بڕۆین كە چیتر كێشەكان بۆ نەوەكانی داھاتوومان بە جێنەھێڵین لە پێناو مانەوە لە دەسەڵات و دەسكەوتە تایبەتیەكان.

براتان

ئەدھەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی

٣-١٢-٢٠٢٤