سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2020 بڵاوكردەوە .
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان شەممە 16ی كانونی دووه‌می 2021 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا بە ئامادەبونی بەشێک لە  رۆژنامەنوسان و بەرپرسانی دەزگاکانی راگەیاندن و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، راپۆرتی ساڵانەی خۆی بەناونیشانی "راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستانی عێراق 2020" بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتەكەی سەنتەری میترۆ لە ساڵی رابردودا 385 پێشێلکاری بەرامبەر 291 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 4 حاڵەتیان داخستنی ئۆفیسی کەناڵەکان و 163 حاڵەتی رێگریکردن بون.
بەپێی راپۆرتەكە لە ساڵی 2020دا سەنتەرەکەیان 385 پێشێلکاری تۆمارکردوە کە بەم شێوەیە بوە؛ 163 حاڵەتی رێگریکردن لەرۆژنامەنوسان، 74 حاڵەتی دەستبەسەرکردن و راگرتن  بەبێ بڕیاری دادگا و 48 حاڵەتی هەڕەشە و سوکایەتی.
لە راپۆرتەكەدا ئەوەش هاتوە، لەو ماوەیەدا 30 حاڵەتی دەستگیرکردن و راگرتن بەدەر لە یاسای رۆژنامەنوسی تۆمارکراون.
هەروەها 8 حاڵەتی هەراسانکردنی کچانی میدیاکار، 8 حاڵەتی پڕکردنەوەی بەڵێننامە، 6 حاڵەتی شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەنوسی ، 4 حاڵەتی داخستنی ئۆفیسی کەناڵەکان و 2 حاڵەتی تەشویشی ئەلیکترۆنی تۆمارکراون.
پەیوەست بە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش لەراپۆرتی سەنتەری میترۆدا ئەوە خراوەتەڕو، لەو ماوەیەدا لەناوچە کێشەلەسەرەکان 71 حاڵەتی رێگری، 30 حاڵەتی راگرتن بەبێ بڕیاری دادگا، 9 حاڵەتی زەوتکردنی کەلوپەلی رۆژنامەنوسی، 7 حاڵەتی هێرش و سوکایەتی، 2 حاڵەتی پڕکردنەوەی بەڵێننامەی و یەک حاڵەتی رفاندن تۆمارکراون.
باس لەوەشکراوە، راگرتنی پەخشی کەناڵەکان و راگەیەنراوەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەست بەبێ ئاگایی لەداخستنی هێزەکان وەک هەوڵێکی دیکە بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازیی دەبینرێن، هەروەها لەئێستادا یاسای رۆژنامەگەری بوە بەرابردو، بەجۆرێک لەجێگەی پەنابردن بۆ یاسای رۆژنامەگەری ژمارە 35ی ساڵی 2007 بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تۆمەت و سکاڵایانەی لەسەر رۆژنامەنوسان تۆماردەکرێت، پۆلیس و دادگاکان بەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن مامەڵە لەگەڵ دۆسییەکانی رۆژنامەنوسان دەکەن.
پەیوەست بەحاڵەتەکانی هەراسانکردن بەرامبەر خانمانی میدیاکار سەنتەری میترۆ لەراپۆرتی ساڵانەی خۆیدا هۆکارەکانی حاڵەتەکانی رونکردوەتەوە و باسی لەوەکردوە، هەراسانکردنی خانمانی میدیاکار لە رێگەی ئاڕاستەکردنی قسەی هەرانسانکار، توندوتیژی، جیاکاری و داوای پەیوەندی لە دەرەوەی کاری رۆژنامەنوسی لە نێوان (بەڕێوەبەری دەزگایەک و خانمە میدیاکاران، یان ئەو بەرپرسەی سەردانی دەکەن بۆ چاوپێکەوتن) و چەندین حاڵەتی دیکەش وایکردوە کاری رۆژنامەنوسی بۆ خانمانی میدیاکار ئاستەنگی بێتەپێش.
کۆتایی/.