زایەڵە-سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوایان لە بەغدا کردووە 430 ملیار دیناریان بۆ بنێرێت بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن، دەشڵێت: بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ناوەڕاست یان کۆتایی هەفتەی داهاتوو، لیستی مووچەی مانگی 10 رادەگەیێندرێت.
ئەمڕۆ ، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کێشەی مووچە ئەوەیە تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی عێراق لە دەرگەی مووچە تێیپەڕاندووە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای کردووە، لە بەشەکانی دیکەی بودجە گواستنەوە بۆ مووچە بکرێت.
وتیشی: داوامان کردووە 430 ملیار دینار بۆ مووچە بگوازرێتەوە، ئەگەر رۆژی یەکشەممە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندیی لەسەر بدرێت، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوکات پێویستە حکومەتی عێراق نزیکەی 130 ملیار دیکە بۆ مووچەی مانگی 10 بنێرێت، بە هەمانشێوە بۆ مانگی 11 و 12ـش.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە رۆژی چوارشەممە (4-12-2024) لە پەرلەمان بوو، رەتیکردەوە ئەو داواکارییەی هەرێمی کوردستان (گواستنەوەی پارە) بۆ مووچە جێبەجێ بکەن. سوودانی گوتی چاوەڕێی هەموارکردنی یاسای بودجە دەکەن، بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر ببێت.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر بەغدا نزیکەی ئەم 130 ملیارەش بنێرێت، کورتهێنانەکە کەم دەبێتەوە، بەڵام بەتەواوی پڕناکرێتەوە و کورتهێنان دەمێنێت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدات کە چۆن چارەسەری بکات".
ک