زایەڵە ـــ خانمە شاخەوانی نیپاڵی پور نیما شریستا لە ماوەی دوو هەفتەدا سێ جار بەسەر چیای ئێڤرێستدا سەرکەوت.

پورنیما شریستا لە خێزانێکی جووتیار لە گوندێکی بچووکی ئاروگات لە ڕێگا بۆ ماناسلو لەدایک بووە، کە تەنانەت ئاوی خواردنەوەش لەو ناوچەیەدا نییە.

وەک ژنێکی لادێی نیپاڵی، چاوەڕوان دەکرا لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیری بکات و منداڵەکانی بەخێو بکات.

ئەو، ئەو جۆرە ژیانەی نەویست، بۆیە لە تەمەنی 16 ساڵیدا چوو بۆ کاتماندو. لەگەڵ خزمەکانی چوو بۆ قوتابخانەی ئامادەیی، پاشان چوو بۆ کۆلێژ بۆ خوێندنی پەیوەندی، پاشان بوو بە ڕۆژنامەنووس.

کاتێک لە ساڵی 2017 ڕووداوی ماراسۆنی ئێڤرێستی ڕووماڵ دەکرد، حەزی لە ئێڤرێست بوو، شریستا دەڵێت، "من پارە و ئەزموونم نەبوو بۆ سەرکەوتن بەسەر ئێڤرێستدا. لە هەمان کاتدا، من تەنانەت وەرزشوانیش نەبووم، بەڕاستی نەمدەزانی جەستەم چەندە بەهێزە بۆ ئەوەی بیر لە سەرکەوتن بەسەر ئێڤرێستدا بکەمەوە.

شریستا قەرزی وەرگرت و دەستی بە ڕاهێنان کرد و خۆی تەرخان کرد بۆ وەرزشی شاخەوانی، لە ماوەی 7 ساڵدا بەسەر 8 لووتکەی 8000 مەتریدا سەرکەوت و لە تەمەنی 34 ساڵیدا بووە یەکەم ئافرەت کە لە وەرزێکدا لە نێوان 12 تا 25 ی ئایاری 2024 دا بتوانێت 3 جار بەسەر بەرزترین لووتکەی جیهاندا سەربکەوێت.