زایەڵە - بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 9ی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای ڕووسیا، کۆبوونەوەیەکی بە پەلە و داخراو لەسەر دۆخی سووریا ببەستێت.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە "بڕیارە کۆبوونەوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ بکرێت، ئەجێنداکەشی تاوتوێکردنی دۆخی سووریایە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد."
بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە، ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەبێ ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکداری، کۆنترۆڵی دیمەشقیان و ڕووخانی ڕژێمی سووریایان ڕاگەیاند و بەشار ئەسەدیان ناچار بە هەڵاتن کرد.
هەروا ئێوارەی دوێنێ سەرچاوەیەک لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ڕایگەیاند "بەهۆکاری مرۆیی مافی پەنابەرێتی بە بەشار ئەسەد و ئەندامانی خێزانەکەی داوە و ئێستا لە مۆسکۆن."
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە، کە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن لە بارەی پاراستنی باڵیۆزخانە و هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا دڵنیاییان بە مۆسکۆ داوە.