زایەڵە-لیژنەی دارایی هەمواری یاسای بودجە تایبەت نەوتی هەرێم تاوتوێدەكات

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ میوانداریی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی كرد بۆ تاوتوێكردنی هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و كادرێكی چاودێریی دارایی دەڵێت، تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم 80%ی تێپەڕاندووە.

عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لەمیانەی میواندارییەكەدا سووربوونی لیژنەكەیانی نیشاندا لەسەر پەسەندكردنی هەموارەكە بەشێوەیەكی لۆژیكی كە شایەنی جێبەجێكردن بێت، تا ببێتە هۆی كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم دەربارەی دۆسیەی نەوت.

ئاماژەشیدا، تەواوكردنی كاری لیژنەكەیان دەربارەی هەموارەكە پەیوەستە بە ئامادەبوونی وەزارەتی دارایی بۆ روونكردنەوەی بنەمای یاسایی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییە بیانییە كاركردووەكان لە هەرێم.

لای خۆیەوە سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی خشتەی شایستە داراییەكانی نێوان هەرێم و ناوەندی خستەڕوو و دووپاتیكردەوە، ئەو شایستانە لە راپۆرتەكانی دیواندا چەسپێندراون، لەگەڵ ئاماژەدان بە تێبینییەكان سەبارەت بە رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی هەرێم بە حكومەتی ناوەند.

لای خۆیەوە كادرێكی پێشكەوتووی دیوانی چاودێریی دارایی راپۆرتێكی دەربارەی بەرەوپێشەوەچوونی رێوشوێنەكانی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێشكەشكرد و رایگەیاند، رێژەی تەوتین لە بانكە متمانەپێكراوەكانی بانكی ناوەندیی عێراق 80%ی تێپەڕاندووە، لەگەڵ دیاریكردنی كۆتایی ئەمساڵ وەك دواوادەی تەواوكردنی بایۆمەتری بۆ زامنكردنی چارەسەری گرفتی دوو مووچە.

ک