زایەڵە - باسم عەوادی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق بە میدیای فەرمی وڵاتەكەی راگەیاند، دۆخی سووریا گۆڕانكاری بەسەرداهات و گۆڕانكارییەكانیش مەترسی بۆسەر عێراقیش درووستكردووە.
باسم عەوادی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق ڕایگەیاند: سووریا بە قۆناغەكانی دوای 2003ـی عێراق تێپەر دەبێت، گوتیشی: عێراق دەستوەردانی سەربازیی لە سووریا نەكرد و بژاردە و بڕیاری كۆتایی بۆ گەلی ئەو وڵاتە جێهێشت، دەشڵێت، هیچ پاڵپشتییەكی دارایی، هەواڵگری و سیاسی سووریامان لە دژی پێكهاتەیەكی دیاریكراوی ئەو وڵاتە نەكردووە.
عەوادی دووپاتیشیكردەوە، رەنگە گرووپە چەكدارەكان لە رێگەی پیلانگێڕییەوە عێراق بە ئامانج بگرن. گوتیشی، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی وڵاتانی عەرەبی فراوان لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەبارەی دۆخی سووریا بەڕێوەدەچێت.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق دووپاتیشیكردەوە، بەرگریی لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەكەن.
لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداریی لە دابەشبوونی سووریادا و رایگەیاند، هەنگاوێكی مەترسیدارە و كاریگەری بۆسەر كۆی ناوچەكە دەبێت .
گوتیشی: هەر هێزێك هێرش بكاتە سەر عێراق، دەرگای دۆزەخ بە ڕوویدا دەكەینەوە.