زایەڵە ـــ ڕۆژی ١٠ی دیسامبەری ٢٠٢٤، لەژێر چاودێری "ھێمن ئەمین"سکرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان ھەروەھا بەرپرسانی باڵای فیدراسیۆن و "تۆڕی شاخەوانیی"، ھەروەھا دەیان گرووپی شاخەوانیی لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان و ژینگەپارێزان و ئارەزوومەندانی ئەو بوارە، مەراسیمی ڕۆژی جیھانیی شاخ لە کەمپی(جووتەدار)ی چیای سەفین لە دەڤەری شەقڵاوە بەڕێوەچوو.
بەشی ڕاگەیاندنی تۆڕی شاخەوانی کوردستان: لەو مەراسیمەدا، ڕێزدار"ئیدریس نێچیرڤان بارزانی" و وەڤدێکی باڵای یاوەری لە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی دەزگای ڕوانگە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدارییان تێداکرد و پشتیوانی خۆشیان بۆ فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی بواری شاخەوانیی لە کوردستان دووپات کردەوە. ھەروەھا، دڵخۆشی خۆشیان نیشاندا بەو پێشکەوتنە بەرچاوانەی لەبواری شاخەوانیدا لە کوردستاندا ھاتووەتە ئاراوە.
بەشی ڕاگەیاندن ئاماژی دا: مەراسیمەکە چەند چالاکییەکی ھەمەجۆری لەخۆ گرتبوو، لەوانە پێشکەشکردنی وتاری فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان لەلایەن"محەمەد چاوشین"بەرپرسی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆن، وتاری"شێخ کەمال"بەرپرسی "ئەنجوومەنی باڵای شاخەوانیی کوردستان"، وتاری "حاجی ڕزگار"بەرپرسی گرووپی شاخەوانیی شەقڵاوە و سەرپەرشتیاری کەمپی شاخەوانیی"جووتەدار" کە یەکێکە لە کەمپە ھەرە مۆدێرن و باشەکانی بواری شاخەوانیی لە کوردستان.
بەشی ڕاگەیاندن زیاتر وتی: لەسەرجەم وتارەکاندا جەخت لەسەر پێشخستنی ڕەوتی شاخەوانیی لە کوردستان و بایەخدان بە کردنەوەی خول و سیمیناراتی تایبەت بە شاخەوانیی و بە ئەکادیمی کردنی بواری شاخەوانیی لە کوردستاندا کرایەوە.
بەشی ڕاگەیاندن وتیشی: ھەروەھا ئەوەش دووپات کرایەوە کە پێشکەوتن و پێشخستنی ڕەوتی شاخەوانیی لە کوردستاندا، بەبێ پاڵپشتی و ھەماھەنگی شاخەونان و گرووپەکانی شاخەوانیی دەستەبەر ناکرێت.
بەشی ڕاگەیاندنی تۆڕی شاخەوانی کوردستان لە کۆتایدا وتی: ھەر لەو مەراسیمەدا، دوو پێشانگای وێنەیی کرانەوە، یەکێکیان تایبەت بوو بە وێنەی چالاکییەکانی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان لە شاخەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و چەند لووتکە شاخێکی بەرزی جیھان لە زنجیرە چیاکانی ھیمالایا و قەفقازیای باشوور. پێشانگاکەی تریش تایبەت بوو بە قۆناغەکانی کارکردن لە بارەگای نوێی فیدراسیۆنی شاخەوانیی لەناو شاری ھەولێر کە دەزگای ڕوانگە ئەو ئەرکەی لە ئەستۆی خۆی گرتووە.
دوابەشی مەراسیمەکەش تەرخان کرا بە بەرزکردنەوە و ھەڵدانی ئاڵای کوردستان لە کەمپی جووتەدار، لەلایەن ڕێزدار"ئیدریس نێچیرڤان بارزنی"یەوە، کە ئاڵایەکی گەورە بوو بە ستوونێکی بەرز و درێژەوە بەسترابۆوە، بەشێوەیەک کە لە زۆرێک لە ناوچەکانی دەڤەری شەقڵاوە بەچاو ببینرێت.
شایانی ئاماژە پێدانە کە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، (١١ی دسامبر)ی ھەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیھانی شاخ ناوزەد کردووە. ئەم ناولێنانەش لە ٥٧مین دانیشتنی ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی (٢٠٠٢) سەرچاوەی گرتووە.