زایەڵە-سەرچاوەیەک وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، چاوەڕوانن ئەمڕۆ تریلیۆنێک و ١٩١ ملیار دیناری مووچەی مانگی ١٠ و پارەی گواستنەوەی کورتهێنانی مووچە وەربگرن، ئەگەر پارە وەربگرن، لیستی مووچه ڕادەگەیەنن.

وتیشی: ڕەزامەندیی گواستنەوەی ٤٣٠ ملیار دینارەکە بۆ بەشی مووچە دەرچووە و ئێمەش نووسراومان کردووە بۆ وەرگرتنی پارەکە و دوێنێ پشوو بوو، چاوەڕوانین ئەمڕۆ پارەکە بنێردرێ.

ئاماژەی بەوەش دا ٧٦١ ملیار دیناری مووچەی مانگی ١٠لەسەر هەژماری وەزارەتمانە، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، ئەو بڕە پارەیە کێشەی نییە، بەڵام چاوەڕێ دەکەین ٤٣٠ ملیارەکەش تەمویل بکرێ و پارەکە وەربگرین، کە بە مووچەی مانگی ١٠ و کورتهێنانەکە دەکاتە ترلیۆنێک و ١٩١ ملیار دینار.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو ٤٣٠ ملیار دینارە دابەشی سەر هەرسێ مانگەکە دەکرێت، وتیشی: ئێمە بۆ هەر مانگێک دەبێت زیاتر لە ١٠٠ملیار لە داهاتی ناوخۆ بخەینە سەری، بۆ تەواوکردنی مووچە، لای خۆمانەوە هەموو نووسراو و ڕێکارەکانمان تەواو کردووە و چاوەڕوانی دارایی فیدڕاڵین تەمویلی ٤٣٠ ملیارەکە ڕەوان بکات.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد وردبینیی لیستی مووچەی مانگی ١١ تەواو بووە و چاوەڕوانن ئەمڕۆ یان سبەی تەمویلەکەی بگات، کە نزیکەی ٧٥٩ ملیار دینارە، بەرنامەکەش بەمشێوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەردوو مووچەی مانگی ١٠ و ١١ بدرێت.

ک