زایەڵە ـ محەمەد شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق ئاماده‌یه‌ پشتیوانی له‌ پرۆسه‌ی نوێی سیاسی سووریا بكات.

 وتیشی: "پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك ڕێز له‌ ئیراده‌ی گه‌لی سووریا بگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بڕیار له‌ قۆناغی داهاتوویان بده‌ن."

ڕاشیگەیاند:  "هه‌ڵوێستی عێراق له‌باره‌ی سووریا ڕوون و ئاشكرایه‌ و هاوشێوه‌ی هه‌ڵوێسته‌كه‌یه‌تی بۆ هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌ی دۆست و ڕژده‌ له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی ئه‌و وڵاته‌، له‌و پێناوه‌شدا له‌ لووتكه‌ی عه‌قه‌به‌دا تێڕوانینه‌كه‌ی خستووه‌ته‌ به‌رده‌م هه‌موو لایه‌نه‌كان، کە ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی نوێی سووریا دڵنیایی له‌باره‌ی نیگه‌رانییه‌كانیان به‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ بدات."

ئامازەی بەوەش دا: "به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی نوێی سووریا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌قامگیریی سووریا و ناوچه‌كه‌دا بێت، ئه‌وانیش دژی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ نین."

زیاتر وتی: "هه‌رچه‌ند تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكی فه‌رمی به‌و ئاراسته‌یه‌ نه‌نراوه‌، به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌یان له‌و وڵاته‌ ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كردووه‌ته‌وه."