زایەڵە - سبەی لە بەغدا هەردوو لیژنەی تەکنیکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تەیف سامی کۆدەبنەوە و ئەوەش زانراوە مووچەی مانگی 11ـی ئەمساڵ دەدرێت، بەڵام مووچەی مانگی 12 دەفەوتێت.
هەردوولا ڕاپۆرتەکەیان ئیمزا کردووە و کۆکبوون لەسەری ئەوەی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانی بەغدا و پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.
ڕاپۆرتەکە بەو شێوەیە ئامادەکراوە کە وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردبوو لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تاوەکو مانگی 11ـی ئەمساڵ، مانگ بە مانگ وردبینی بۆ کراوە و ڕێکخراوە کە چەند پارە هاتووە و چۆن خەرج کراوە، تەنانەت بە داهاتی ناوخۆشەوە داهاتەکە چەند بووە و لە چی خەرجکراوە و چۆن کورتهێنانی مووچەی پێ پڕکراوەتەوە.
بڕیارە سبەی دووشەممە راپۆرتەکە ببرێتە بەردەم تەیف سامی بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی خەرجکردنی 430 ملیارەکە بدات کە موناقەلە کرابوو، لەگەڵ پارەی مووچەی مانگی 12 هەرچەندە پارەی مانگی 11ـیە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق پێداگری دەکات لەوەی کە ئەم مووچەیە بۆ مانگی 12ـیە.
لەو دوو مووچەیەی کە بەغدا نەیناردووە، مووچەی مانگی 11 زامنە، بەڵام مووچەی مانگی 12 دەفەوتێت و ئەمساڵ نادرێت. چونکە بەغدا پێداگری لەوە دەکات کە سێ مووچەی ناردووە، بەڵام بە کەموکوڕی ناردوویەتی و تەنیا بەشی مووچەی دوو مانگ بووە. سبەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن کۆدەبێتەوە کە تەیف سایمی یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، لەوێش باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێ کە یەکێک لە کێشەکان نەبوونی سیولە و پارەی کاشە، ئەمەش ئەگەر چارەسەر نەکرێت گرفت بۆ مووچە لە سەرجەم عێراق دروست دەکات.
ئێوارەی دوێنێ لیژنە هاوبەشەکەی هەردوو وەزارەتەکانی دارایی کوردستان و عێراق کارەکانیان تەواو کرد، لەبارەی وردبینیکردن لە لیستی مووچە و شێوازی خەرجکردنی داهاتی ناوخۆ. دوێنێ شەو شاندەکەی وەزارەتی دارایی عێراق گەڕانەوە بەغدا، شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردساتنیش هاوشانیان گەیشتنە بەغدا بەمەبەستی تاوتوێکردنی ڕاپۆڕتەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆران بەتایبەت بۆ مانگەکانی 11 و 12.
ک