زایەڵە - فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بە ئامادەبوون لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای دیدار لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، پەڕاوى فەرمى دەستبەکاربوونى پێشکەش بە بەرپرسى فەرمانگە کرد.
کونسوڵی نوێی ئێران لە هەولێر لەم دیدارەدا وێڕای ئاماژە بە پێوەندیی و بنەمای بەهێز و پتەوی کەلتووری، ئیتنیکی، زمانی، مێژوویی، سیاسی و ئابووری لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق، ئاسۆی پێوەندییەکانی دوولایەنی ڕوون و ڕوو لە پێشکەوتنی زیاتر وەسف کرد.
ئەسەدی هیواى خواست بتوانن بە یەکەوە ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بگەیەننە قۆناغێکى پێشکەتووتر.
لای خۆیەوە سەفین دزەیی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لە کونسوڵی گشتیی نوێی ئێران لە هەولێر کرد و هیوای سەرکەوتنى لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست.
هاوکات دزەیی پاڵپشتیی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى نیشاندا بۆ هاوکارى و هەماهەنگى لە پێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکرنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ سوود و بەرژەوەندىی هەردوولا.