زایەڵە-نرخی مریشکی زیندوو لەبەر چەند هۆکارێکی جیاواز لە هەرێمی کوردستان دابەزی.


ئەحمەد قادر، مریشکفرۆش لە هەولێر رایگەیاند، "ئەمڕۆ یەک کیلۆ مریشکی زیندوومان بە 2 هەزار و 500 دیندار کڕیوە و بە 2 هەزار و 750 دینار دەیفرۆشینەوە." بەڵام سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و ‏گەرمیان دەڵێت: شەوی رابردوو کیلۆیەکیان بە 2100 بۆ 2200 دینار فرۆشتووە.

لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی مریشکی زیندوو، ئەو مریشکفرۆشە دەڵێت، "چەند هۆکارێک هەن؛ دیارترینیان دواکەوتنی مووچە و کەمیی خواستە."

ئەحمەد قادر دەشڵێت، "بەراورد بە دوو هەفتە لەمەوبەر، نرخی مریشکی زیندوو 500 دینار دابەزیوە، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر نرخی مریشکی ئومەهات و کەڵەشێریش کردووە."

هاوکات نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و ‏گەرمیان رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 145 هەزار تۆن مریشکە. ئێستا نزیکەی 400 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنرێت. بازگەکانی حکومەتی عێراق رێگەنادەن بەفەرمی بەرهەمی کێڵگەی پەلەوەر لە پارێزگەکانی باشووری عێراق ساخ بکرێتەوە."

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان روونیکردەوە "شەش مانگە خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەر لە زەرەر و زیاندان."

ئەو دەڵێ "شەوی رابردوو کیلۆی مریشکی زیندوو بە 2100 تاوەکو 2200 دینار بووە." باسیش لەوە دەکات نزیکەی هەزار و 950 پڕۆژەی فەرمی و 700 تاوەکو 800 پڕۆژەی نایاساییش هەن. "ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ ئەوەی نرخی مریشک دابەزێت."

لە هەرێمی کوردستان، خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.

ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:

- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە

ک