زایەڵە - فەرامەرز ئەسەدی کونسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، لە وتوویژی تایبەت لە گەڵ دەزگای میدیایی جام کوردی، ڕوانگەیێکی نوێی لەبارەی پێوەنییەکانی نێوان دوولایەن ئاشکرا کرد و باسی لەوە کرد کە "جۆرێک لە گلەیی لە نێوان هەر دوو لادا لە پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان هەیە" و "لە ئێستادا گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان کاری لەپێشینەی هەر دوو لایە."

 

دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان

کونسوڵی نوێی ئێران لە هەولێر سەبارەت بە دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان باش و خوازراوە، بەڵام بەرپرسانی هەر دوو لا؛ هەم کۆماری ئیسلامی ئێران و هەم هەرێمی کوردستان بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان، چاوەڕوانییەکی زیاتر لەمەی ئێستایان هەیە. ئێمەش بەڵێنمان بە هەر دوو لا داوە، واتە هەم بە کۆماری ئیسلامی ئێران و هەم بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەم پەیوەندییانە کە لە ئاستێکی باش و خوازراودایە، زیاتر لەمەی ئێستا لە بوارە جیاجیاکاندا گەشە بدەین.

 

گرنگترین خاڵە بەهێز و لاوازەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و هەولێر

فەرامەرز ئەسەدی گرنگترین خاڵە بەهێز و لاوازەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و هەولێری بەم شێوەیە لێکدایەوە؛  گرنگترین خاڵ کە دەتوانم ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە خزمەتە بەرامبەرەکان باس نەکراوە. واتە ئەو خزمەتانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەرێمی کوردستانی گەیاندووە و لە بەرامبەردا ئەو خزمەتانەش کە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران کراوە.

زیاتر وتی: دەتوانین بڵێین کە بەشێکی زۆر کەم لە هەمان جیلی پێش و پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئاگاداری ئەو خزمەتانەن و پەیوەندی و خزمەتەکان زۆر لە ڕاگەیاندنەکاندا باس نەکراوە. چین و توێژەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو خزمەتانە نین کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو بە هەرێم و لایەنە سیاسیەکانی گەیاندووە.

 

چالاکییەکانمان بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا دەستپێکردووە

کونسوڵی نوێی ئێران لە هەولێر سەبارت بە پلانەکانی بۆ گەشەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان ئەوەی کە زیاتر گرنگی بە چ بوارێک دەدات، ئاماژەی بەوەدا؛ لە گەڵ برادەران لە هەرێمی کوردستان چالاکییەکانمان بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەکان و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، کەلتوری، کۆمەڵایەتی، زانستی و ئەمنی دەستپێکردووە کە هیوادارین لە پێناو بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لا بگاتە ئەنجامی گرنگ و هەلومەرجی باشتر دابین بکات.

 

بەرنامەکان بۆ پاراستنی پەیوەندییە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان

ئەسەدی لەبارەی پلانەکانی بۆ پەیوەندییە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ لە بواری کەلتوری و کۆمەڵایەتی بەشێکی زۆری پلان و بەرنامەکان لە لایەن خەڵکەوە بەرەوپێش براوە. بە پێچەوانەی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان کە جۆرێک لە گلەیی لە نێوان هەر دوو لادا هەیە. وێڕای ئەوەی کە لە ئێستادا گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان کاری لەپێشینەی هەر دوو لایە. وەک ئاماژە درا ئیرادەیەکی بەهێز بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا هەیە. کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەدات. سەردانەکەی بەڕێز سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەولێر و سلێمانی لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیاندا بۆ عێراق ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت.

کونسوڵی ئێران لە هەولێر لەبارەی بەرنامەکانی بۆ پاراستنی پەیوەندییە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی گرووپ و شاندە کەلتورییەکان، شاندە زانکۆکییەکان، خوێندکارانی زانکۆ، شاندە وەرزشی و هونەرییەکان دەبێت و بە شێوازێک کە بتوانین لەم ڕێگایەوە بگەینە پاراستن و گەشەپێدانی ئەم پەیوەندییانە.

 

لە شەڕی سەپێندراوی سەدام برایانی کوردی عێراقی هاوکاری ئێمەیان دەکرد

لە یەکێک لە پرسیارەکانی جام کوردی لە فەرامەرز ئەسەدی هاتووە؛ پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان پشت بە چەندین قۆناغی مێژوویی وەک بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس و شەڕی دژ بە گرووپی تیرۆریستی داعش بەستووە، کە نەیاران لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی ئەوەیان داوە کاریگەری نەرێنی لە سەر ئەم پەیوەندییانە دابنێن. بۆ ڕێگری لە سەرکەوتنی ئەم هەوڵانەی دوژمنان چ ڕێوشوێنێک خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ ناوبراو لە وەڵامدا دەڵێت؛ ئێمە دەبێت لە کۆبوونەوە و بەرنامە و چاوپێکەوتنە میدیاییەکان لە گەڵ برادەرانی خۆمان بۆ هەمان پەیوەندی دۆستانە و نزیکی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو بگەڕێینەوە. لە کۆبوونەوەم لە گەڵ برادەرانی هەرێمی کوردستان ئەوەم وەبیرهێناوەتەوە کە هەر دوو لا لە قۆناغە مێژووییەکاندا تاقیکردنەوەی زۆرمان پێکەوە هەبووە و قەیرانی زۆرمان تێپەڕ کردووە. لە میانەی ساڵانی بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی سەدام خوێنی زۆر ڕژا و تێچوویەکی زۆرمان پێکەوە داوە و سوپاسی خودا دەکەین کە ئەنجامی هەبووە. پەیوەندییەکانی ئەو سەردەمە بە پێی هەلومەرجی ئێستای هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نەبووە. کۆماری ئیسلامی شۆڕشێکی ساوا بووە و لایەنە کوردییەکانیش هەر لە سەرەتاوە هاوکارییان لە گەڵ ئێمەدا بووە. لە شەڕی سەپێندراوی سەدامیش کە پشتیوانییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی هەبوو، برایانی کوردی عێراقی هاوکاری ئێمەیان دەکرد. سوپاسی خودا دەکەین کە هەرێمی کوردستانی ئێستا ئەنجامی خەباتی برایانی کوردە لە دژی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو.

 

بازرگانان و هەناردەکارانی ئێرانی دەبێ گرنگی بە حەز و خواستی بەکارهێنەری هەرێمی کوردستان بدەن

کونسوڵی نوێی ئێران لە هەولێر لەبارەی پلان و بەرنامەکانی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان بە تایبەت بۆ زیاترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پشکی ئێران لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد؛ لەو بڕوایەدام ئەگەر ئێمە لە ناوخۆی ئێران کێشە و بەربەستەکانی بەردەم وەبەرهێنان و هەناردە چارەسەر بکەین، پەیوەندییەکان بە تایبەت لە نێوان خەڵکدا زیاتر گەشە دەستێنێت. لەم پێناوەدا چارەسەرکردنی بەربەست و کێشەکان بە تایبەت لە سنورە نێودەوڵەتییەکاندا گرنگییەکی زۆری هەیە. هەناردەی کاڵای بەکوالیتی لە ئێران بە پێی حەز و خواستی بەکارهێنەری هەرێمی کوردستان بابەتێکی گرنگە. بازرگانان و هەناردەکارانی ئێرانی دەبێت گرنگی بەم بابەتە بدەن و ئەوەی کە لە گرێبەستە هاوبەشەکاندا هاتووە جێبەجێی بکەن.

 

پەیوەندی پارێزگارانی پارێزگا سنورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

کونسوڵی نوێی ئێران لە هەولێر لە وەڵام بەو پرسیارە کە جیدی بوونێک لە جێبەجێکردنی یادداشتی لێک تێگەیشتن و ڕێکەوتننامەی هاوبەش کە ئەنجامی سەردانی فەرمی پارێزگارانی کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان لە سەردەمی سەرۆکایەتی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی بوو، بە دی باکرێت، وتی: پەیوەندی پارێزگارانی پارێزگا سنورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئەگەر دواکەوتنێک لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنانەدا هەبووە بە هۆی گۆڕینی پارێزگاران لە ئێراندا بووە و ئاساییە کە شتی وا هەبێت. ئەو ڕێکەوتنانە وەک خۆیان ماونەتەوە و جێبەجێ دەکرێن و پەیوەندی نێوان پارێزگا سنورییەکانیش باشتر دەبێت.