زایەڵە ـــ بە ئامادەبوونی سکرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، کۆتا کۆبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٤ ناوەندی سۆران بەڕێوە چوو.
بەشی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان: ڕۆژی ٢٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٤، لە هۆڵی چاﻻکییەکانی ناوەندی وەرزش و ﻻوانی ڕواندز، ناوەندی سۆران- فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، کۆتا کۆبوونەوەی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجام دا کە تیایدا هێمن ئەمین سکرتێری فیدراسیۆن، بێستوون ساڵح بەرپرسی بەشی چالاکییەکان، دانیاڵ نەبی موزەفەر، بەرپرسانی ناوەندی سۆران، هەروەها نوێنەری گرووپە شاخەوانییەکانی سەربە ناوەندی سۆران ئامادەی بوون.
بەشی ڕاگەیاندن وتی: لەو کۆبوونەوەیەدا تیشک خرایە سەر هەموو ئەو چاﻻکییە شاخەوانییانەی کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا لە سنووری ئیدارەی سۆران بەڕێوەچوون.
هەروەها، پلان و بەرنامەی وردیش بۆ ساڵی داهاتوو دانرا، بەتایبەت پلانی درووستکردن و تەواکردنی کەمپەکان، کردنەوەی خولی جۆراوجۆری بواری شاخەوانیی، لە ناویشیاندا خولی ڕێبەری کوێستان.
بەشی ڕاگەیاندن زیاتر وتی: کۆبوونەوەکە بە بایەخەوە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی بۆ هەموو ئەو ئاستەنگ و کێشانە کرد کە لەبەردەم بواری شاخەوانییدا لە ناوچەکەدا هەن، هەروەها جەختیش لەسەر چارەسەر و نەهێشتنی هەموو ئەو لەمپەر و کێشانە کرایەوە.
بەشی ڕاگەیاندن ئاماژی دا: لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا، بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر بەشێک لەو شاخەوانانەدا دابەشکرا کە لە خولی سەرەتایی سەر بەفر بەشدارییان کردبوو.