زایەڵە-بەڕێوەبەری گشتیی تەندرووستی كەركووك ڕایگەیاند، ئەمساڵ لە كەركووك نزیكەی ٤٠ هەزار حاڵەتی لەدایكبوون تۆماركراوە و زیاتر لە دوو ملیۆن نەخۆشیش لە نەخۆشخانەكان وەرگیراوە، هەروەها هەزار و ٢٠٠ حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجە لە پارێزگاكەمان تۆماركراوە.

ئەرجان محەمەد ڕەشید، بەڕێوەبەری گشتیی تەندرووستی كەركووك :لەماوەی ئەمساڵدا لە كەركووك ٣٩ هەزار و ٢٨٤ حاڵەتی لەدایكبوون تۆماركراوە تا ئێستا نەخۆشخانەكان و بنكە تەندروستیی و پسپۆڕییەكان دوو ملیۆن و ٩١ هەزار و ٦١٣ نەخۆشیان وەرگرتووە.

١٤٠ هەزار و ٣١٤ نەخۆش لە نەخۆشخانەی كەركووك چارەسەریان وەرگرتووە، ٦٥ هەزار و ٤٨٩ نەشتەرگەری ئەنجامدراوە، هەروەها سەنتەری پسپۆڕی كەركووك بۆ شێرپەنجە و خوێن، هەزار و ٢٧٦ كەسی تووشبوو بە شێرپەنجە و هەزار و ٦٢٨ كەسی تووشبوو بە نەخۆشییەكانی خوێنی تۆماركردوە.

 ئەوەش لەكاتێكدایە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هەزار و ١٦ كەس تووشی شێرپەنجە و هەروەها هەزار و پێنج كەس تووشی نەخۆشی خوێن بوون، بەم پێیەش ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشی خوێن زیادی كردووە.

لە چوارچێوەی چالاكییەكانی كوالێتی كۆنتڕۆڵی تەندرووستی، ٤٤,٩٩ كیلۆ مادەی ڕەق و ١٣٣ هەزار و ٦٣٢ لیتر مادەی شل كە شیاوی خواردنی مرۆڤ نەبووە لەناوبراون، لەگەڵ ئەوەشدا ٣٩٠ كارگە و فرۆشگا بەهۆی سەرپێچیكردنی مەرجە تەندرووستییەكانەوە داخران.

وەزارەتی تەندرووستی و پلانی زۆری هەیە بۆ پێشخستنی دۆخی تەندرووستی لەماوەی ساڵی ٢٠٢٥ بەتایبەتی پاڵپشتیكردنی توشبوانی شێرپەنجە، هەروەها پەرەپێدانی تاقیگە و دابینكردنی بە هەموو كەرەستە و پێویستەكان، لەگەڵ تەواوكردنی نەخۆشخانەیەكی ٤٠٠ قەرەوێڵەیی كە لە قۆناغی جێبەجێكردندایە و لە ماوەی ساڵی داهاتوودا دەخرێتە خزمەتەوە.

ک