زایەڵە ـــ ڕۆژی پێنجشەمە بەرواری 26/12/2024 تیمێکی تایبەتی گروپی شاخەوانی مەقان کەپێکهاتبوون لە11 ئەندام گەشتێکی تایبەتیان ئەنجامدا بۆ سەیرانگای چەمی ڕێزان.
بەشی ڕاگەیاندنی گرووپی شاخەوانی مەقان: لە پاش پلان دانان و شەن و کەوکردنی بارودۆخی کەش و هەوا، و بە لەبەرچاوگرتنی ڕێکارەکانی سەلامەتی گەشتەکە، تیمە تایبەتەکەمان بڕیاری ئەنجامدانی گەشتەکەیان دا، جێ ئاماژە پێدانە ڕۆژی پێنج شەمە کاتژمێر 1 پاش نێوەڕۆ لەشاری چەمچەماڵەوە بەڕێکەوتین بەرەو سەیرانگای چەمی ڕێزان دوای کاتژمێر و نیوێک گەشتینە خاڵی سەرەتای گەشتەکەمان، بەهۆی ئەگەری باران بارینەوە بڕیاری ستافی گەشتەکە مانەوەبوو، لە ئەشکەوتە فراوان وگەورەکەی چەمی ڕێزان، ناسراوە بە ئەشکەوتی دوو دەرگا کەئەڕوانێت بەسەر سروشته جوانەکەی چەمی ڕێزاندا، کاتژمێر 2 و نیو گەشتینە ناو ئەشکەوتەکه و ئامادەکارییەکانی ستافەکە بۆ گەشتەکە دەستی پێکرد کە خۆیەدەبینیەوە لەکۆکردنەوەی دار بۆ شەوی درێژی زستان و هەڵدانی خیمەکان بۆ پشوودان، سوپاس بۆ خوای گەورە تیمەکەمان گەشتێکی سەرکەوتووی ئەنجامدا و شەوێکی تەواو جیاوازو تایبەتمان لەناو ئەشکەوتەکەدا بەڕێکرد.
بەشی ڕاگەیاندن ئاماژەی دا: لەدوای نوێژی بەیانی بەکۆمەڵ بڕیارماندا کە سەردانی ئەشکەوتی سەحرا بکەین کە نزیک بوو لەشوێنی کەمپینەکەوە ، سوپاس بۆخوا بەسەرکەوتووی ئەو کارەشمان ئەنجامدا، لەدوای خواردنی بەرچای و نانی بەیانی گەڕاینەوە بەرەو خاڵی دەستپێک و بەمجۆرە گەشتی ئەمجارەی شەومانەوەی گروپی شاخەوانی مەقان کۆتایی هات.