زایەڵە - ئەڵێن لەکۆتایی خولى دووەمى نیلسۆن ماندێلا بۆ سەرۆکایەتى کۆمارى ئەفریقیاى باشوور، داوایان لێکردووە کە خۆى بۆ جارێکى دیکە کاندید بکاتەوە بۆ سەرۆکایەتى وڵات، بەڵام لەوەڵامدا دەڵێت: ئەزانم ئەگەر خۆم کاندید بکەم، سەرکەوتو و دەبم و دەبمەوە بەسەرۆک بۆ جارى سێیەم، بەڵام ئەوە گرنگ نییە کە ماندێلا سەرکەوتوو بیت، ئەوە گرنگە کە دیموکراسی سەربکەویت، لەمەوە ئەم پێوەرە بکەین بە پێودانگێک بۆ پێوانەکردنى دیموکراسی لە نیشتمانەکەماندا، من لێرەدا بە ئەنقەست وشەى (نیشتمان) م بەکارهێنا، چونکە ئەوەى لاى نوخبەى سیاسی هەرێم بوونى نەبێت (نیشتمان) ە. ئەم رەخنەیە تەنیا لە یەکگرتوو نییە، بەڵکو یەکگرتوو کەمترین بەرپرسیارێتییان بەردەکەوێت، ئەگەر بەپێی قورسایی خۆشیان لێیان بڕوانین لەهەردوو گۆڕەپانى کوردستانى و ئیسلامى سیاسی لە هەرێمى کوردستاندا، بەڵکو ئەمە تەواو پەیوەندى بەسەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانى هەرێمەوە هەیە، خەریکە سیاسەت لە هەریمى کوردستان وەکو بازرگانى و دوکاندارى لێدێت، ئەمەوێت ڕاستگۆبم لەگەڵتاندا هەر بەڕاست بووە بە بازاڕ و دوکان و مارکێتینگى سیاسی، ئێستا پێم بڵێن کام پارتى سیاسی توانى لەماوەى سی و ئەوەندە ساڵى حوکمڕانیدا لەسەر ئاستى سەروەى سەرکردایەتییان بەرگێکى نوێ بکەن بە باڵاى پارتەکانیاندا، کامیان، هەر لە پارتی دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستانەوە دەست پێبکە تا دەگاتە بچووکترین پارت، بۆ نمونە سۆسیال دیموکراتى کوردستان، گواستنەوەى دەسەڵات و تەوریسی سیاسییە لە باوانەوە بۆ نەوەکان، ئەمە راست نییە وەپاساودان بەوە دووچارى دوو قەیرانمان دەکات کە ئەوانیش سەرەتا دەبن بۆ قەیرامى گەورەتر و قوولترى کۆمەڵایەتى و سیاسی و ئابوورى وکلتوری، یەکەم، متمانە لەکارى سیاسییدا نامینێت، هەر یەکێک لە ئێمە کاتێک سیاسەت دەکات ئومێدى ئەوەیە کە بگاتە لوتکەى دەسەڵاتى سیاسی لە ناو پارتەکانیاندا، کاتێک کە ڕێگا لەو هەنگاوانە دەگیرێت، ئەوە دەبیتە هۆى دروستکردنى شوێنکەتنێکى کوێرانە، لەو کاتەشدا مرۆڤ سەنگینى و بەهاى خۆى لەدەست دەدات. دووەم، بۆ ئەوەى لەو دۆخە مرۆڤ ڕزگارى بیت یان دەبێت لەتبوونێک ڕووبدات لەناو پارتە سیاسییەکاندا یان ئەوەتا دەبیت خۆى بۆ خودى خۆى پارتێکى سیاسی دابمەزرێنیت، بە کورتییەکەى فەوزایەکى سیاسی دروست دەبێت کە هیچى لەهیچەوە دیار نییە، لەو فەزایەشدا تەنیا (نیشتمان) و (خەڵک) دەبنە قوربانى.