زایەڵە ـــ ناوەندی شاخەوانانی کەرکووک، کۆتا کۆبوونەوەی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٤ لە بارەگای سەرەکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان لەشاری ھەولێر ئەنجام دا.

بەشی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان: لەو کۆبوونەوەیەدا کە تیایدا ھەریەک لە، ھێمن ئەمین سکرتێری فیدراسیۆن، بێستوون ساڵح بەرپرسی بەشی چالاکییەکان، ھاوکار پاشا ئەندامی لیژنەی کارگێڕی و دارایی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان و ھەروەھا نوێنەرانی "ناوەندی شاخەوانانی کەرکووک" ئامادەی بوون، تیایدا تیشک خرایە سەر ھەموو ئەو چاﻻکییە شاخەوانییانەی لەماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا لە سنووری پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوون.

 بەشی ڕاگەیاندن وتی: لەو کۆبوونەوەیەدا وێڕای داڕشتنی  پلان و بەرنامەی ورد بۆ ساڵی ٢٠٢٥، ھاوکات جەخت لەسەر پاڵپشتییەکانی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان بۆ سەرجەم شاخەوانانی کەرکووک کرایەوە. لەناویشیاندا،  دڕێژەدان بە کردنەوەی خولەکانی پەیوەست بە زنجیرە خولەکانی "ڕێبەری کوێستان"کە یەکێکە لە بەرنامە ستراتیژیی و گرنگ و ژێرخانییەکانی بواری شاخەوانیی لە کوردستاندا و لەلایەن بەشی تەکنیک و فێرکاری فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت.