زایەڵە-سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی دەڵێت، دابەشنەکردنی مووچەی مانگی 12 لە عێراق هۆکار بووە بۆ کەمبوونەوەی رێژەی گەشتیارانی سەری ساڵ؛ وتیشی، دابەزینی نرخی تمەن و لیرە هاتنی گەشتیارانی ئێرانی و تورکی کەم کردووەتەوە.

عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکانی سلێمانی وتی: بۆ پشووەکانی سەری ساڵ، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەگشتی هاتنی گەشتیارانی بیانی، نێوخۆیی و خواروو و نێوەڕاستی عێراق کەمیکردووە.

دوای گەشتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق، زۆربەی ئەو گەشتیارانەی روو لە سلێمانی دەکەن، خەڵکی رۆژهەڵات و باکووری کوردستان، ئێران و تورکیان، بەڵام دابەزینی بەهای تمەن و لیرە، کاریگەری هەبووە لەسەر هاتنی گەشتیارانی ئەم دوو وڵاتە

لیژنەیەکی پشکنینی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار، بەردەوام بەسەر هۆتێلەکاندا دەگەڕێت و چاودێریی نرخەکان دەکات، ''هەرچەند لەوانەیە لە هەندێک شوێن نرخەکان بەرز ببنەوە، بەڵام ئەمە زیاتر رووبەڕووی ئەو گەشتیارانە دەبێتەوە کە خۆڕسکانە دێنە شاری سلێمانی، نەوەک لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە''.

زیاتر لە ساڵێکە نووسراوێک دەرچووە کە دەبێت هێنانی گرووپە گەشتیارییەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق بۆ هۆتێلەکانی شارەکە، لەلایەن کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە بکرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر بەرزبوونەوە لە نرخەکاندا روویدا یان گرفتێک لە کوالێتیی خزمەتگوزارییەکاندا بینرا، گەشتیاران بتوانن بەپێی گرێبەستێک کە لەگەڵ ئێمە هەیانە، سکاڵا تۆمار بکەن.

''پێنجوێن و شاخی گۆیژەمان لە سلێمانی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفر نەباریوە و تەنیا سەرمایەکی وشک هەیە، بۆیە هاتنی گەشتیارانی زستانە دەستیپێنەکردووە''.

قسەکانی عەتا ئەنوەر لەکاتێکدان، سەبارەت بە ئاماری هاتنی گەشتیاران، ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان  رایگەیاندووە "هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ زیاتر گەشتیاریان بۆ هاتووە بەراورد بە پار."

بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی رابردوو نزیکەی 200 هەزار گەشتیار بۆ پشووەکانی سەری ساڵ سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، ''ئەم ساڵ پێشبینی دەکەین زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردبێت.''

ک