زایەڵە- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ زستانی ئەمساڵ و لە ماوەیەكی كەمدا بە نرخێكی پاڵپشتیكراو توانیوێتی تا رۆژی 31/12/2024 زیاتر لە (243) ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە سەر زیاتر لە  1 ملیۆن 215 هەزار خێزان دابەش بكات  ، كە دەكاتە ڕێژەی لە 86% كۆی نەوتی دابەشكراو.  تەنیا 127,808 خێزان ماون نەوتییان وەرنەگرتووە.

ئەم دابەشكردنە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی گرتووەتەوە، بە ڕادەیەك دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان تەواو بووە.

دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر خێزانەكاندا بەم شێوەیە بووە: هەولێر400,398 خێزان كە دەكاتە  لە 96,5%

 سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین 463,869 خێزان، دەكاتە 89,5%

 دهۆك 194,763 خێزان، دەكاتە لە 86,5%

 هەڵەبجە 21,890 خێزان، دەكاتە  لە 71%

  ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 87,638   خێزان دەكاتە  لە 99%، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 47,187  خێزان، دەكاتە  لە 72,5%.

ئەو وەزارەتە دەڵێت، هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی ئاگادار دەكەینەوە تا ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی پاڵپشتیكراوی وەزارەتی نەوتی عێراق نەگەیشتووە، وێڕای ئەوەی بڕیارە بڕە نەوتێك كە زۆر كەمترە لە پشكی هەرێمی كوردستان و تەنها بەشی 19% پێویستیی خێزانەكانی هەرێمی كوردستانە، چاوەڕوان دەكرێت بە چەند كاروانێك بڕە نەوتێكی سپی بگاتە هەرێمی كوردستان و لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزاكان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لە هەرێمی كوردستان دەست بە دابەشكردنی بكرێت.

ک