زایەڵە-عومەر گوڵپى كاندیدی دەرچووی پەرلەمانی كوردستان لە كۆمەڵی دادگەریی ڕایگەیاند،وەزارەتى دارایى ڕاگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە، لەو ڕاگەیەنراوەدا دەریخست کە نە وەزارەتى دارایى و نە هیچ کەس و دامەزراوەیەک لە حکومەتەکەى پارتى و یەکێتى نایانەوێت ڕاستیەکان بڵێن و هەمیشە خەریکى چەواشەکاریى ڕایگشتین.
وتیشی: من بە زانیاریى وردو بەڵگەوە، ڕاستییەکان دەخەمەڕوو،بەپێى داتاکانى خۆیان، بەغداد لە ساڵى (٢٠٢٤)دا، نزیکەى (١٠,٧٥٢,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – دە ترلیۆن و حەوت سەدو پەنجاو دوو ملیار) دینارى بۆ موچە ناردووە بۆ هەرێم، هەرێمى کوردستانیش نزیکەى (٩٦٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – نۆسەدو شەست ملیار) دینارى بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى موچە بەکارهێناوە، واتە (١١,٧١٢,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – یانزە ترلیۆن و حەوت سەدو دوانزە ملیار) دینار بۆ موچە خەرج کراوە، ئەم بڕەش پارەى پێویستە بۆ زیاتر لە دوانزە موچە، چونکە موچە تا مانگى حەوتى ئەمساڵیش پێویستى بە کەمتر لە (٩٦٠ ملیار) دینار هەبوو، بۆیە بە پێى ژمارەو داتاکەى وەزارەتى دارایى موچەى مانگى دوانزەش بە تەواوەتى لەبەردەست هەرێمە!، بەڵام لە دوو خاڵى خوارەوەدا باشتر ڕوونیدەکەمەوە کە هەرێم پارەى بۆ زیاتر لە سێ موچە بەردەستە، بەمجۆرە،یەکەم/ بەپێى نوسراوى وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێم، ژمارە (٣٠٧٥) لە (٢٨ى ٣ى ٢٠٢٤)، داهاتى هەردوو مانگى یەک و دووى سەرەتاى ساڵى (٢٠٢٤)ى هەرێم بریتى بووە لە نزیکەى (٩٠٥) ملیار دینار، واتە بۆ مانگێک نزیکەى (٤٥٣ ملیار) دینار، دواتر گوتیان ئەم نوسراوەمان هەڵە بووەو داهاتى ناوخۆى هەرێم (بەبێ نەوت) مانگانە (٣٢٠ تا ٣٥٠ ملیار) دینارە، کەواتە ئەگەر ئەم ژمارەیەى دواییشان ڕاست بێت (کە زیاترە لەوەش)، ئەوە لە ساڵى (٢٠٢٤)دا، هەرێمى کوردستان نزیکەى (٤,٢٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – چوار ترلیۆن و دوو سەد ملیار) دینار داهاتى ناوخۆى هەبووە، لەو بڕەیە کەمتر لە (٤٠٠ ملیار) دینار نێردراوە بۆ بەغدا، مانگانەش خۆیان دەڵێن نزیکەى (١٥٠ ملیار) دینار بۆ خزمەتگوزاریى خەرج دەکەین، واتە نزیکەى (١,٨٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – یەک ترلیۆن و هەشت سەد ملیار) دینار بۆ خزمەتگوزاریى خەرج کراوە، کەواتە: بەو پارەیەى نێردراوە بۆ بەغداو بەوەشى بۆ خزمەتگوزاریى خەرج کراوە، هەرێمى کوردستان لەو داهاتەى ناوخۆ دەستى کەوتووە (٢,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – دوو ترلیۆن) دینارى لەبەردەستە، خۆیان دەڵێن لەو داهاتە نزیکەى (٩٦٠ ملیار) دیناریمان بۆ تەواوکارى موچە بەکارهێناوە، کەواتە هەر بەپێى داهاتى خۆیان (بەبێ نەوت) نزیکەى (١,٠٤٠,٠٠٠,٠٠٠٠,٠٠٠ – یەک ترلیۆن و چل ملیار) دینار داهاتیان زیاترە لە هەموو پێویستى و خەرجییەکان، ئەمەش زیاترە لە پارەى پێویست بۆ موچەى مانگى دوانزە (دیسان دەڵێینەوە بەبێ نەوت.
دووەم، ئەوەى سەیرە ئەوەیە، کۆمپانیاکانى نەوت دەڵێن ئێمە بەردەوامین لە دەرهێنان و فرۆشتنى نەوت، بەپێى زانیارییە ڕاگەیەنراوەکانى کۆمپانیاکانى نەوت، هەرێمى کوردستان ڕۆژانە (٣٠٠,٠٠٠ تا ٣٢٠,٠٠٠ بەرمیل) نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەڵام وەزارەتى دارایى و هیچ کەس لە حکومەتە تاریکە کاربەڕێکەرەکەى پارتى و یەکێتى باسى ئەم داهاتە ناکات! کە بەمجۆرەیە: بەرمیلێک نەوت بە پاڵاوگەو بە تەنکەر بە نزیکەى نیوەى نرخە جیهانییەکەى لە (٢٠٢٤) فرۆشراوە، کە نزیکەى (٣٠ تا ٣٥ دۆلار) بووە، بەمجۆرە هەرێمى کوردستان لە ساڵى (٢٠٢٤)دا نزیکەى (١٠٨ ملیۆن) بەرمیل نەوتى بەرهەمهێناوەو بە تەنکەرو پاڵاوگە فرۆشتویەتى، پارەى فرۆشتنى ئەو نەوتەش بریتیە لە (٣,٢٤٠,٠٠٠,٠٠٠ سێ ملیارو دووسەدو چل ملیۆن دۆلار) کە بە دینار دەکاتە (٤,٨٦٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – چوار ترلیۆن و هەشت سەدو شەست ملیار) دینار، کە بە پێى زانیارییەکانى خۆیان نیوەى بۆ کۆمپانیاکان و نیوەى بۆ هەرێمە، کەواتە لە فرۆشتنى نزیکەى (١٠٨ ملیۆن) بەرمیل نەوت، هەرێمى کوردستان (٢,٤٣٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – دوو ترلیۆن و چوارسەدو سى ملیار) دینارى بۆ ماوەتەوە! ئەم پارەیەش بە تەنها بەشى خەرجکردنى زیاتر لە دو مووچە دەکات.
بەمجۆرە لە هەردوو خاڵى یەکەم و دووەمى سەرەوە، واتە لە داهاتى زیادەى ناوخۆو داهاتى نەوتەوە، هەرێمى کوردستان نزیکەى (٣,٤٧٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – سێ ترلیۆن و چورسەدو حەفتا ملیار) دینارى لەبەردەستە، کە بەشى خەرجکردنى زیاتر لە سێ موچە دەکات نەوەک تەنها موچەى مانگى دوانزە،بۆیە هەر جۆرە لێدوانێکى بەرپرسانى گەورەو بچوکى هەرێم کە بڵێن ناتوانین موچەى مانگى (١٢)ى ساڵى (٢٠٢٤) دابەش بکەین، درۆیەکى شاخدارەو نابێت خەڵکى کوردستان لێیان قبوڵ بکات.
ک