زایەڵە-فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیكردووە بە پارەداركردن (تەمویل)ی مووچەی مانگی كانونی دووەمی خانەنشینانی (مەدەنی و سەربازی).

فەرمانگەی میدیایی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەت ئەمڕۆ یەكشەممە دەستیكرد بە پارەداركردنی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، سەرەڕای مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی بۆ ئەم مانگە، كە لەڕێی بانكەكانی رافیدەین و رەشیدەوە خەرجدەكرێت.

روونیشیكردەوە، خانەنشینان، ئەوانەی نامەیان پێدەگات، دەتوانن سەردانی لقەكانی هەردوو بانك، یان ئامێرەكانی پارەدانی ئەلیكترۆنی لە بەغداد و پارێزگاكانی دیكە بكەن بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان.

وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتیشیدەكاتەوە، مووچەی خانەنشینان و چاودێری بە تەواوی دابینكراوە، هیچ گرفتێك لە بواری نەختینە تایبەت بە مووچە بوونی نییە، هەموو ئەوەی بەپێچەوانەی ئەوەوە دەوترێت ناڕاستن و هیچ بنەمایەكیان نییە و، تەواو دوورن لە راستییەوە.

ک