زایەڵە-ئەندامێكی ئەنجومەنی كارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی نوێترین زانیاری لەبارەی پرۆژەكەیان بۆ گۆڕینی پاسە كۆنەكانی هێڵی گواستنەوەی گشتیی سلێمانی دەخاتەڕوو.
ئارام بابان، ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بۆزایەڵە رایگەیاند، رێككەوتنمان لەگەڵ بانكێك هەیە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ستافێكیان لە بەغدادەوە بێنە سلێمانی بەوپێیەی لقی سەرەكیی بانكەكە لە بەغدادە، بۆ ئەوەی پڕۆتۆكۆلێكیان لەگەڵدا واژووبكەین تاوەكو پارەی پێویست بۆ پڕۆژەكە بخەینە سەر هەژمارەكەیان.
وتیشی، "دوای واژووكردنی پڕۆتۆكۆلەكە هەركەسێك خوازیارە پاسەكەی بگۆڕێت دەتوانێت مامەڵەی پاسەكەی لە هاتوچۆوە ببات بۆ بانكەكە و پارەكەی بۆ خەرجدەكرێت”.
باسی لەوەشكرد، “بڕیارەكە سەرجەم پاسە كۆنەكان دەگرێتەوە كە ژمارەیان 150 پاسە و دوای تەواوبوونی پڕۆژەكە سەرجەمیان لەناودەبرێن، تێچووی پرۆژەكە سێ ملیار دینارە”.
لەبارەی جۆری پاسە نوێیەكانەوە ئارام بابان رایگەیاند، "پاسە نوێیەكان مۆدێلیان 2024ە و دۆستی ژینگەن بەجۆرێك سیستمێكی ساردی و گەرمی تێدایە كە كار لە بزووێنەری ئۆتۆمبێلەكە ناكات و دەتوانێت چەند كاتژمێرێك بوەستێت و ساردی یاخود گەرمییەكەشی كاربكات”.
راشیگەیاند،"ئەو پاسە نوێیانە جیاواز لە ئەوانەی پێشوو كورسییە جوڵاوەكانی ناوەڕاستیان تێدانییە و نێوانی كورسییەكان 80 سانتیممەترە بۆ ئەوەی خەڵك بە ئاسانی هاتوچۆبكات”.
بە وتەی ئارام بابان، پاسەكان ئەپڵیكەیشنێكیان بۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی ئەو هاوڵاتییانەی بە پاس هاتوچۆ دەكەن بزانن پاسەكە لە كام شوێنە و شۆفێرەكەی كێیە و چەند سەرنشینی دیكەی ماوە، هەروەها سیستمی پارەدانی ئەلیكترۆنیشی دەبێت.
ک