زایەڵە-وەزیری دارایی عێراق لە گەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و ڕایگەیاند، كە تەواوی پارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بۆ ساڵی 2025 دابین كراوە، هاوكات بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لیژنەیەک پێکهێنرا.

ئەمڕۆ شەممە 11-1-2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبۆتەوە و وەك میدیای عێراقی بڵاویكردۆتەوە، ڕوونکردنەوەی لەبارەی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2025 و ئامادەکردنی خشتەکانی بودجە داوەتە لیژنەی دارایی.

بەپێی زانیارییەكان، کۆبوونەوەکە راوێژکارییە و جگە لە بودجە و داهات و خەرجییەکان، باس لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەتایبەت مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024 و میکانیزمی دابەشکردنی مووچە لە ئەمساڵدا.

عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەكۆبوونەوەكەدا تەیف سامی وتویەتی، “تەواوی پارەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2025 دابین كراوە و گرنتی كراوە”.

وتیشی، “لیژنەیەكی لاوەكییان پێكهێناوە بۆ بەدواداچوونی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەردوو ساڵی 2024 و 2025.

لای خۆشیەوە، د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بڕیاردراوە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی مووچەی مانگی 12 و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لیژنەیەک لە پەرلەمان پێکبهێنرێت.

ئاشكراشی كردووە، لیژنەکە بە سەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی دارایی و چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەبێت، کە خۆشی ئەندامێکی لیژنەکەیە.

هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی عێراق لە بەغدا، لە هەولێریش ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەرانی کورد لە بەغدا سەبارەت بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کۆبوونەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدڕاڵی، ڕایگەیاند “ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی ئەو ڕەفتارەی ئێستا بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و قبووڵکراویش نییە”.

وتیشی: “دەبێت ئێمە ئەم پەیوەندییە (پەیوەندیی هەولێر و بەغدا) ڕاست بکەینەوە؛ دەستوورێکمان هەیە و دەبێت پابەندی ئەم دەستوورە بین”.

ک