زایەڵە - وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، “وەزارەتی دارایی عێراق تەنها لە 48%ی شایستەی لە بەشە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2024 بە 52 گوژمە ناردووە بە گوێرەی پشكنینی هەژماری بانكیمان لە بانكی ناوەندیی عێراق/ لقی هەولێر.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لە 1ی1ی2024 تاوەكو 31ی12ی2024 وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق لە كۆی 20 ترلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزاری كۆی شایستەكانی هەرێمی كوردستان تەنها 10 ترلیۆن و 26 ملیار و 883 ملیۆن و 544 هەزار و 589 دیناری ناردووە كە دەكاتە 48%ی كۆی شایستەی هەرێم.
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، لەساڵی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق یەك دیناری بۆ خەرجی بەكارخستن و وەبەرهێنان بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە، ئەو تەموویلەشی بۆ مووچە ناردوویەتی بەنزیكەیی دەكاتە مووچەی 10 مانگی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە تێكڕای ساڵەكە.
دەشڵێت، “ئەو پارەیەشی ناردوویەتی بەپچڕپچڕ و بە 52 گوژمە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتمان.”
لەلایەكی دیكەشەوە، سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكان، ئەوەی خستووەتەڕوو، بڕی (4,347,484,382,654) دینار كۆی داهاتی نانەوتیی هەرێمە تا (2024/11/30) بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی هەرێم كە مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە.
لە بەشێكی بەیاننامەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە كە حكومەتی هەرێم پابەندنەبووە بە ناردنی داهاتە نانەوتییەكان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، ئەوەش لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان لە مانگی ئایار تا مانگی تشرینی یەكەم بڕی (399,168,964,500) دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە بانكی ناوەندیی عێراق/ لقی هەرێم/هەولێر، بەپێی ماددەی (29) لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە (6)ی ساڵی (2019) و رێككەوتنی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر ناردنی ( 50%)ی داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەكان.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو بڕە داهاتە ناوخۆییەی كە ماوەتەوە، بۆ خەرجیی بەكارخستنی دامودەزگاكانی حكومەت و خەرجیی وەبەرهێنان لە هەرێم خەرج كراوە.
ک