زایەڵە - سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی سەبارەت بە دۆخی هەرێم و ناوچەکە بووە، کە دۆخێکی هەستیارە و دەبێت لایەنەکان ئاست و سەقفی داواکاریەکان بگونجێنن لەگەڵ ئەم دۆخەدا و دەستیان سووک بکەن لە رێککەوتن، بۆیە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە".

وتیشی: بە دڵنیاییەوە لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی یەکێک لە بابەتەکان ئەوەبوو هەوڵ بدرێت ژمارەی فەرمانبەران واقعی بێت و بگونجێت لەگەڵ ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا هەیە، بیانوو نەدرێت بە نەیارەکانمان، واتە پرسی مووچە ئەوەندە نەبێتە پرسی میدیا و شەڕی راگەیاندن، باشترە کارەکان ئاسان بکەین لەگەڵ یەکتردا".

ئاماژەی بەوەش دا: کۆبوونەوەکە تایبەت نەبووە بە دابەشکردنی پلە و پۆست و "ئەوە کاری تیمی دانوستانکاری هەردوولایە و ئەوان گفتوگۆی لەسەر دەکەن".

ڕاشیگەیاند: دیار نییە کۆبوونەوەی داهاتوو لە نێوان هەردوولا کەی دەبێت، بەڵام کۆبوونەوە لەم نزیکانە دەبێت. چاوەڕێین لیژنە فەنیەکە کارەکانی خۆیان تەواو بکەن و بیبەن بۆ کۆبوونەوەی هاوبەش هیوادارین ئەنجامی باشی هەبێت.

ک