زایەڵە – وفدێکی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە سەرۆکایەتی شێخ جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەکە، دەڕۆنە کرماشان و لە گەڵ پارێزگار و جێگرانی پارێزگار و دیکەی بەرپرسانی باڵای کرماشان دیدار و چەند ڕێککەوتنێک دەکەن و سەردانی چەند شوێنێکی دیکە لەوانە نەخۆشخانەیێکی گرنگ دەکەن، کەچی بە هیچ شێوەیەک لە میدیاکانی هەرێم باسی ناکەن و تەنانەت لە پەیجە فەرمییەکانی ئیدارەی گەرمیان و لە وەڵامی هەوڵنێران ڕایدەگەێنن کە سەردانەکە فەرمی نەبووە و ئەمەش بۆتە جێی پرسیار؟

 بێ گومان بۆ هەر بەرپرسێک، ئاستی چالاکییەکانی لەپێناو خزمەت و گەشەپێدان لەو شوێن و بوارەی بەرپرسیارێتی هەیە، زۆر گرنگە و توانا و لێهاتوویی لەم بابەتە لە کارنامەیدا دەمێنێتەوە و پەرەپێدانی پێوەندییەکان ڕۆڵێکی ئێجگار بەرچاو لەمەدا دەبینێت.

شێخ جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان حەوتەی ڕابردوو سەردانی پارێزگای کرماشان لە ئێران کرد و لەگەڵ ژمارەیێک بەرپرسی ئەو پارێزگا لەوانە پارێزگار و جێگرانی و چەند بەرپرسێکی دیکە، دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجام دا.

ئەم دیدارە کە لە میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان و عێراق گرنگییەکی تایبەتی پێدرا، لە میدیاکانی هەرێم و بەتایبەت پەیجە فەرمییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان هیچ باسێکی لەسەر نەکرا.

ئەمە لە کاتێک دایە کە بە گوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، مەنووچێهری حەبیبی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەمە لەکۆبوونەوە لەگەڵ شێخ جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، له هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئیدارەی پاریزگا کە بە ئامادەبوونی جێگری ئابووری پارێزگار و ڕاوێژکاری پارێزگار بۆ کاروباری عێراق و بەرپرسانی کارگێڕی و بازرگانی و بەڕێوەبەرانی دەزگا جۆراوجۆرەکان بەڕێوەچوو، گوتی: پارێزگای کرماشان و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، هاوبەشی ئایینی و نەژادی و کەلتووری و مێژووییان هەیە و هەردوولا پەرۆشن لەمەڕ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاوازەکاندا.

وتیشی: پارێزگای کرماشان ژێرخانێکی زۆر باشی لەبواری تەندروستی و پزیشکیدا هەیە و بەتەواوی ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پسپۆڕی بەرز، بە نەخۆشانی هەرێمی کوردستان.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لە پرسەکان لەبواری کشتوکاڵیدا کرد و گوتی: کرماشان بۆ هاوکاریی لەگەڵ گەرمیان لە بواری دابینکردنی خزمەتگوزاری ئەندازیاریی تەکنیکی و دروستکردنی خانوی پلاستیکی و هتد ئامادەیی خۆی ڕادەگەینێت. بەهۆی چالاکی کارگەکانی ئاردی مۆدێرن لە کرماشان، ئامادەکاری ڕاگەیەندراوە بۆ گۆڕینی گەنمی گەرمیان بۆ ئارد لە پارێزگاکەدا.

ناوبراو ئاماژەی داوەتە سەر  ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ژێرخانی سنووری پەرویزخان و گوتی:  هیوادارین بە بەرزکردنەوەی ئەم ژێرخانانە پرسی ترانزیتی کەلوپەل و هاتوچۆی گەشتیاران، خێراتر بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

پارێزگاری کرماشان ڕاشیگەیاند: بڕیاردرا بەرپرسانی کرماشان و گەرمیان بۆ هەماهەنگی زیاتر هەر سێ مانگ جارێک کۆبوونەوەیەکی هاوبەش ئەنجام بدەن. بێگومان لەو ماوەیەدا بەڕێوەبەرانی بوارە جۆراوجۆرەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و پزیشکی و هتد به پێی پێویست کۆبوونەوەی هاوبەشی خۆیان ئەنجام ئەدەن.

ناوبراو سەبارەت بە چالاکبوونی سنووری “تیلەکۆ” لە سەرپێڵی زەهاو گوتی: ژێرخانی پێویست لەلای کرماشان لەبەردەستدایە و هیوادارین بەهۆی بەدواداچوونی بەرپرسانی گەرمیانەوە ژێرخانی پێویست و ئامادەکارییەکان دابین بکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا ببینین ئەم بازاڕە دەکرێتەوە و خەڵکی ناوچەکە لەم سنوورە سوودمەند دەبن.

لەم کۆبوونەوەدا شێخ جەلال نوری سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان گوتی: گەرمیان ناوچەیێکی زۆر گرنگە بۆ ئێران و هەرێمی کوردستان بەهۆی بوونی سنووری بازرگانی پەرویزخانەوە. جگە لەوەش خەڵکی گەرمیان زۆرترین پەیوەندی گەشتیاری و بازرگانی و … هەیە،  لەگەڵ پارێزگای کرماشان.

شێخ جەلال نوری، وتیشی: ئەمڕۆ بەرپرسانی کرماشان و گەرمیان ڕێککەوتنی باش و گرنگیان لە بوارە جیاجیاکاندا ئەنجامداوە، کە یارمەتیدەرە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەر دوو لا.

ناوبراو فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کرماشان بۆ ئیدارە و بەرپرسانی گەرمیانی زۆر بە گرنگ دانا و گوتی: بۆ خێراکردنی چارەسەری کێشەکانی سنووری پەرویزخان، چارەسەری گونجاو لەبەرچاو گیراوە و بە یارمەتی ئەو ڕێکارانە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە لەسەر ئەو سنوورە فراوانتر دەکەین.

پاشان  دوای دیدار لەگەڵ پارێزگاری کرماشان، شێخ جەلال نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بە یاوەری جێگری ڕێکخەری کاروباری ئابووری پارێزگار و ڕاوێژکاری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری عێراق، سەردانی نەخۆشخانەی حەکیم لە ناوەندی پارێزگاکەی کرد.

لەم سەردانەدا وەفدی گەرمیان سەردانی بەشە جیاوازەکانی سەنتەرەکەیان کرد، لەوانە نەزۆکی، پزیشکی ددان، و نەشتەرگەری.

لە کۆتاییدا لە میانی کۆبوونەوەیەکدا ڕێککەوتن کرا کە یەکەیەکی وەرگرتن لە گەرمیانی عێراق دابمەزرێت بۆ پشکنین و ناساندنی نەخۆش بە ناوەندە پزیشکییەکانی پارێزگای کرماشان. ئەم ڕێککەوتنە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کرماشان و گەرمیانی عێراق و زیادکردنی هاوکارییە لە بواری گەشتیاری تەندروستیدا.

ئەوەی ئێستا جێی پرسیارە ئەمەیە کە بۆچی و بە چ ئامانجێک ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە میدیاکانی هەرێم و بە تایبەت پەیجە فەرمییەکانی خۆیان هیچ ئاماژەیێکیان بەم سەردانە بۆ کرماشان و ئەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە، نەداوە و تەنانەت لە وەڵام بە هەواڵنێران کە بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە کردووە ڕایانگەیاندووە، سەردانەکە فەرمی نەبووە و تەنیا بۆ پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی پارێزگاری کرماشان بوو!

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لەئیدارە گەرمیان بە زایەڵەی ڕایگەیاند، شاندێک بۆ پیرۆزبایی سەردانی پارێزگاری کرماشان کردوە، گفتوگۆ لەسەر هەندێک بابەتی گەشتیاری و ئابوری کراوە، ئەوسەرچاوەیە ئەوەشی ووت، وەک یاداشت هیچ یاداشتێک واژوو نەکراوە لەنێوان هەردوولا.