زایەڵە - ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، لە نێوان پارتی و زۆربەی لایەنەکانی دیکە، پێشوەچوونی "زۆرباش" بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت هەیە.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، "لە رووی سیاسی و تەکنیکی، لە نێوان پارتی و یەکێتی و زۆربەی لایەنەکانی دیکە بەرەوپێشچوونی زۆرباش هەیە."
هۆشیار زێباری، هاوکات سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتییە بۆ پێکهێنانی حکومەت، وتی: "پرۆسەکە پێویستی بە کاتە، بۆ لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی تەواو لە نێوان هەموو لایەنەکان، تاوەکو ئێستا هەموو شتێک زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت."
دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، یەکێتی و پارتی دوو کۆبوونەوەی فەرمیان کردووە، کۆبوونەوەی یەکەم 30-11-2024 لە دەباشان، کۆبوونەوەی دووەمیش 17-12-2024 لە پیرمام کرا.
وتیشی: "سێ جار کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی لە نێوان پارتی و یەكێتی، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کراوە."
سەبارەت بە کۆبوونەوەی داهاتووی شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی، کە دەوترێت سبەی جارێکی دیکە کۆدەبنەوە، هۆشیار زێباری وتی: "کۆبوونەوەی تەکنیکی لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن."
ک
January 20, 2025