زایەڵە- لە بەغدا سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبونەوە، کە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم بەغدا سەردانی بەغدایان کردبوو و، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیان کردبوو.
لە لایەن فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانەوە مامۆستا دارا سێکانیانی بڕیاردەری فراکسیۆن بەشدارى کۆبوونەوەکەى کردبوو لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند: لەکۆبوونەوەکەدا ئەندامانى وەفدەکە باسى کۆبوونەوەکانى خۆیان کرد لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و رونکردنەوەیان لەسەر گفتوگۆکان خستەڕوو، باسیان لەوە کردووە کە وەفدەکە بەوە ڕازی بوون کە بەغدا چی ئەوێ ئامادەن هەموو داهاتى تەسلیم بکەن، بەمەرجێ بەغداش کۆى بوجە و پشکى هەرێمى کوردستان ڕادەست بکەن، یاخود پەنجا لەسەدى داهات ڕادەست بکەن بەڵام ئەوان کێشەى موچە چارەسەر بکەن.
پەرلەمانتارەکەى یەکگرتوو ئەوەشى خستەڕوو: لە ئەنجامى گفتوگۆکانماندا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە ئەو سیستەمە ئیدارییەى لە عێراقدا هەیە جیاوازە لەو سیستەمە ئیدارییەى لە هەرێمى کوردستاندا پەیڕەو ئەکرێت، ئەمەش کیشەى گەورەى دروست کردووە.
سەبارەت بە هەڵوێستى یەکگرتووش لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردەرى فراکسیۆنى یەکگرتوو ووتى: لە کۆبوونەوەکەدا ڕاشکاوانە چەند خاڵێکمان خستەڕوو، لەوانە: هەرشتێک بەرژەوەندى خەڵکى هەرێمى کوردستانى تێدا بێت ئێمە داکۆکى لێ دەکەین، جوڵیەک لە بەغدا نەکراوە لە بەرژەوەندى خەڵکى، ئێمە هەڵوێستمان روون و ڕاشکاو نەبووبێت، بەڕێز جەنابى ئەمیندارى گشتى هەر لە سەرەتاوە ئەو پەیامەى بە ئێمە داوە کە ئێوە نوێنەرى کوردن و ئەبێ بەرگرى لە بەرژەوەندى گەلى کورد بکەن.
زیاتر ووتیشى: سەبارەت بەوەى کە دەڵێن پێشتر حکومەتی عێراقی بەڵێنى پێداوین و جێبەجێى نەکردووە، بە وەفدەکەم ڕاگەیاند کە دەبێ ئەو رێکەوتن و بەلێنانەى لەگەڵ بەغدا هەتان ئەبێ لە چوارچێوەى دەستوردا بیت و یاسایی بێت و لەسەر کاغەز بێت، تا دواتر بتوانن داکۆکى لێ بکەن. هەروەها لەسەر ئەو سیستەمە ئیدارییەش کە لە هەرێم هەیە ئەبێ لەگەڵ بەغدا رێک بکەون، چونکە چارەسەرى کێشەى هەرێم لە بەغدایە، ئەوەشم ووت کە لەم دواییەدا هەندێ تەسعیدمان بینى لە هەرێمى کوردستان کە باستان لە ئەگەرى کشانەوە بەغدا کرابوو، پێمان وایە ئەو تەسعیدە لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستاندا نییە، ئیوەش هۆکار بوون کە پێگەى کور لە بەغدا لاواز بووەو کورد یەکپارچە نییە و لەسەر پۆست و پلەکان ناکۆکیتان هەبووەو هەریەکەتان لە بەرەیەک بوون.
دارا سێکانیانى ئەوەشى خستە ڕوو. وەفدەکە ئاماژەیان بەوەدا کە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەستکەوت بوو و خاڵێکی بەهێزە بۆ گرنتیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئێمەش وتمان بەداخەوە ئەگەر کێشەتان بۆ توتینى موچەش دروست نەکردایە، موچەى مانگى دوانزە بەم ئاقارە نەئەگەیشت، گوتاریشتان نە لە بەغدا و نە لە هەرێم یەک نییە و هەریەکە و داتا و ئامارێک ڕائەگەیەنن..
لە کۆتاییدا بڕیاردەرى فراکسیۆنى یەکگرتوو ئەوەى خستە ڕوو، وەفدێکى حکومەتى عێراق دێتە هەولێر تا بەردەوام لە نزیکەوە چاودێرى بابەتەکە بکەن و گفتوگۆ و کۆبوونە ئەنجام بدەن تا بگەنە ئەنجامێک لەبارەى رێکەوتنەکانى هەردوولاوە، لەبارەشەوە ئەوەمان دوو پاتکردەوە کە دوو شت بەلاى ئێمەوە زۆر گرنگە، یەکەم چارەنوسى موچەى مانگى دوانزە نەفەوتێت، دووەمیش ساڵى ٢٠٢٥ وەک ساڵى ٢٠٢٤ نەبێت و کێشەکان لە بنەڕەتەوە چارەسەر کرابن.
ک