زایەڵە- د.فەرهادتۆفیق  وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵی عێراق بەدەرکردنی فەرمانی وەلائی ژمارە (٣) هەنگاوێکی تری دژی کورد و مافە زەوتکراوەکانی دا.

ڕاشیگەیاند: ئێمە لەپارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و بەتایبەت جەنابی سەرۆک محمد حاجی محمود لە لێدوانەکانیدا، بەردەوام جەختمان لەوە کردۆتەوە کە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانن و بڕیارەکانی هێندەی بڕیاری سیاسین و لەژێرکاریگەری دەسەڵاتدارانی عێراقدان، هێندە یاسایی و دەستوری نین.

وتیشی، دەرکردنی ئەم فەرمانە، وتە و بۆچوونەکانی ئێمەیان تەکیدکردۆتەوە، چونکە،هیچکام لەو دەعوایانە (دەعوای چاودێری دەستورییبوونی یاساکان) تایبەتمەندیی بەپەلەیان نییە و فەرمانی وەلائی بۆ ئەو بڕیارانە نابێت. دەستوری عێراق ماف و دەسەڵاتی وەستاندنی یاسای نەداوە بە دادگای فیدراڵی. ڕێکاری تانەدان لەیاساکان، دەبێت دوای بڕینی قۆناغەکانی دەرچواندنی یاساکان و بڵاوکردنەوەیان، ئینجا تانەیان لێبدرێت.

وتەبێژەکەی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لەکۆتاییدا ئەڵێن کاتێک دادگای فیدراڵی خودی خۆی ببێتە پێشێلکاری دەستورو یاساو ڕێکارەکان. هەروەها بڕیارەکانی تۆوی ئاژاوەو ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکاندا بچێنێت و لەبەرژەوەندی لایەنێکدا بن، وێڕای ئەوەی بۆچوونەکانی ئێمەیان سەلماند،بێگۆمان کۆی پرۆسەی دادگەری ودەوڵەتداری لەعێراقدائەخاتەژێرپرسیارەوە.

 ک