زایەڵە ـــ یاریزانی تێنسی بەناوبانگی ڕۆمانیا و دوو جار پاڵەوانی گراند ئسلام وردەکاری زیاتری لەبارەی بڕیاری کۆتایی هێنان بە کارەکەی خستەڕوو.
سیمۆنا هاڵپ یەکەمی پێشووی جیهان پاش دۆڕاندن بەرامبەر لوسیا برۆنسێتی ئیتالی لە یەکەم قۆناغی پاڵەوانێتیی WTA-250 لە کلوج ناپۆکایە گوتی: "ئارامیم دۆزیوەتەوە و خاوێنم. ئابڕووچوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان کاریگەری لەسەر دەروونم نەبوو، بەڵام منی لەسەر ڕێ لادا. دەمەوێت پشوو بدەم و لە ڕووی دەروونییەوە ماندووم. من نامەوێت چیتر پلان دابنێم، ئێمە نازانین لە ژیاندا چی ڕوودەدات، بەڵام ئەمە ماڵئاوایی کردنە لە خەڵکی کلۆج ناپۆکا. ئەمە کۆتاییەکی ڕاستە، چونکە ئەگەر هەموو ڕۆژێک مەشق نەکەیت، لەگەڵی ناگونجیت.
ئەو یاریزانە ڕۆمانیە ئاماژەی بەوەدا؛ "من نامەوێت هەموو شتێک زۆر ئاسان بێت. زۆر هەست و ئەزموون لە ناخمدا هەیە. من واقیعبینم و دەزانم پێویستە چی بکەم. مێشک و جەستەم چیتر ناتوانن ئەو کارە بکەن. لە ڕووی پیشەییەوە، من زۆر لە خۆم ڕازیم کە بڕیارێک بۆ من ئاسان بوو. بۆم دەرکەوت کە لە 15 ساڵی ڕابردوودا چەند سەخت بووە بۆم. لەوانەیە شتێکی تر هەبێت لە ژیاندا و من بمەوێت چێژ لەو هەستە وەربگرم کە ئێستا هەستی پێدەکەم. وابزانم کاتی ئەوە هاتووە بە ئاراستەیەکی تردا بگەڕێین.
سیمۆنا هاڵپ پێشتر بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی دژە ماددەی هۆشبەر بۆ ماوەی چوار ساڵ دوورخرایەوە و دادگای ناوبژیوانی وەرزشی سکاڵاکەی قبوڵ کرد و ماوەی سزاکەی بۆ 9 مانگ کەمکردەوە.