زایەڵە - ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: دانوستان لە گەڵ ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتدا نابێت، دەبێت لەمە تێبگەین، وەها بە ئێمە پیشان نەدەن کە ئەگەر لە گەڵ ئەو وڵاتە دانوستان بکەین، ئەم کێشە یان ئەو کێشە چارەسەر دەبێت، نە، لە دانوستان لە گەڵ ئەمریکا هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەزموونی ڕابردوو دەگەڕێتەوە.
ڕێبەری باڵای ئێران وتیشی: ئێمە لە دەیەی 90 ی کۆچی هەتاوی لە گەڵ ئەمریکا دانوستانمان کرد، نزیکەی دوو ساڵ، ڕێکەوتنیش کرا، ئەڵبەت ئەمریکا تەنیا نەبوو، چەندین وڵاتی دیکەش هەبوون، بەڵام ئەمریکا لایەنی سەرەکی بوو، حکومەتی ئێمە دانوستانی کرد – کابینەی ئەو کاتە – هاتووچۆ کرا، دانوستان و وتووێژ کرا، پێکەنین کرا، تەوقە کرا، دۆستایەتی کرا، هەموو کارێک کرا، ڕێکەوتنێک واژۆ کرا، لەو ڕێکەوتنەدا لایەنی ئێرانی ئیمتیازێکی زۆری دا بە لایەنی بەرامبەر، بەڵام ئەمریکییەکان پابەند نەبوون، ئەو کەسەی ئێستا لە دەسەڵاتە، ڕێکەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە، پێش ئەویش بە هەمان شێوە پابەندی بەڵێنەکان نەبوون، ڕێکەوتنەکە بۆ ئەوە بوو کە سزاکانی ئەمریکا هەڵبگیرێت، وا نەکرا، سەبارەت بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەڕەشەیەکیان بۆ هەمیشە لە سەر ئێران هێشتەوە، ئەم ڕێکەوتنە بەرهەمی دانوستانێک بوو کە دوو ساڵ – کەمتر یان زیاتر – درێژەی هەبوو.
ڕاشیگەیاند: ئەمە ئەزموونێکە، لەم ئەزموونە کەڵ وەربگرین. ئیمتیازمان دا، دانوستانمان کرد، بەڵام بە ئەنجامی خوازراو نەگەیشتین، ئەم ڕێکەوتنە بەو هەموو کەموکوڕییەوە لە لایەن ئەمریکاوە هەڵوەشایەوە و جێبەجێ نەکرا.
ئایەتوڵڵا خامنەیی وتی: لە گەڵ حکومەتێکی وەها نابێت دانوستان بکرێت، دانوستانکردن عاقڵمەندانە نییە، ژیرانە نییە و شەرەفمەندانە نییە