زایەڵە - کۆنفرانسێک لە پاریس لەبارەی داهاتووی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچو و تێیدا باس لە پرس و ڕۆڵی هێزە کوردییەکان کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی شوبات، لە پاریس کۆنفرانسێکی نێودەڵەتی لە بارەی داهاتووی سووریا و قۆناغی دوای رووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بەڕێوەچوو.

لە کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە نوێنەرانی وڵاتانی (G7) کە پێکهاتوون لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، کەنەدا، بەریتانیا، ژاپۆن و ئەمەریکا لەگەڵ نوێنەرانی تورکیا، سووریا، سعوودیە، عێراق و لوبنان بەشدار بوون.

ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بەشداریی لە کۆنفرانسەکە کرد، ئەمەش دەبێتە یەکەم سەردانی بۆ یەکێتیی ئەورووپا دوای بانگیشتنامەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزاری سووریا.

هەروەها فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقش بەشداری لە کۆنفرانسەکەی پاریس کرد.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند "مەبەست لە کۆنفرانسەکە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانە بۆ دەستەبەرکردنی سەروەری و ئاسایشی لە سووریا و پێشکەشکردنی هاوکاری و پاڵپشتی ئابوورییە بۆ وڵاتەکە."

هەر لەو بارەیەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز، بڵاوی کردەوە، "لە کۆنفرانسەکەدا باس لە ڕۆڵی هێزە کوردییەکان لە داهاتووی سووریا و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ تورکیا کرا."

هەروەها، ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی فەرەنسی ڕایگەیاندووە، کۆبوونەوەی پاریسی هەوڵێکە بۆ پارێزگاریکردن لە سووریا و چارەکردنی قەیرانەکانی.

لای خۆشیەوە، ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی سووریا لە پاریس ڕایگەیاند، ئامانجیان لە کۆنفرانسەکە هاوکاریکردنی سووریایە و کار بۆ هەڵگرتنی سزاکانیش دەکەن، ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە لە سەرانسەری سووریا شەڕ ڕابگیرێت و چەکەکان بێدەنگ بکرێن.

جەختیش دەکاتەوە، پێویستە ڕێگە بە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ سووریا بدەن و لە هەمان کاتیشدا کار بۆ هەڵگرتنی سزاکان بکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی شارەزایانی سیاسی بانگهێشتنەکردنی شاندی ڕۆژاوا بۆ ئەو کۆنفڕانسە جۆرێکە لە پەراوێزخستنی کورد ئەوەش جێگەی نیگەرانییە.