زایەڵە ـــ کۆبوونەوەی پێنج ڕۆژەی ١٠٠  کۆمپانیای گەشتوگوزاری جیهانی له شاری ئەسفەهان "نیوەی جیهان" له ڕۆژانی 21 تا 25 ی شوبات لە لایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی شاری ئەسفەهان، لە ئێراندا بەڕێوەدەچێت.

سەرۆکی ژووری بازرگانیی، پیشەسازیی، کانگاکان و کشتوکاڵیی ئەسفەهان سەبارەت بەم کۆبوونەوە پێنج ڕۆژیە، گوتی: به پێی پلانەکان ڕێکخەرانی کۆمپانیای گەشتوگوزار له 22 وڵات و له 5 کیشوەر دێن بۆ ئەسفەهان و سەردانی شوێنه گەشیارییه ناودارەکانی ئەسفەهان دەکەن و هەروەها سەردانی چەند شارێکی دیکەی پارێزگاکه دەکەن.

ئەمیر کشانی سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەسفەهان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: پارێزگای ئەسفەهان لە ڕووی شوێنەوارە مێژووییەکانەوە لەگەڵ شاری پاریسدا بەراورد دەکرێت و یەک لە سێی پیشە دەستییەکانی جیهان لە شاری ئەسفەهاندا تۆمارکراون، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە ئاشنابوونی ڕێکخەرانی گەشتوگوزار لەگەڵ ئەنتیکە شاری ئەسفەهان و کەڵکوەرگرتن لەم دەرفەتە، دەتوانێت دەرفەتێکی بێوێنە بۆ بوژاندنەوەی گەشتیاری لە پارێزگای ئەسفەهاندا بڕەخسێنێت.

بە باوەڕی کشانی؛ ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکی گەورە دەبێت بۆ برەودان بە پشکی گەشتیاری ئێران لە جیهاندا بە ناساندنی شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەسفەهان بە ڕێکخەرانی کۆمپانیای گەشتیاری وڵاتانی جیاواز لە هەموو جیهاندا.