زایەڵە - یەكێك لە ئەركە بنەڕەتییەكانی میدیا، بەدواداچوونە بۆ ئەو دۆسێیانەی كە هاووڵاتیان زانیاریی پێویستیان لەبارەیانەوە نییە. بابەتی مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی هەرێم لەناو چەلەحانێی گوتار و رووماڵی میدیای كوردیدا، ونكرا. پیشەییانە فاكت و زانیاری و بەڵگەی لەبارەوە كۆنەكرایەوە. بەبۆنەی نەشارەزایی زۆرێك لە میدیاكاران و هاوكات ململانێ سیاسییەكانەوە، كەوتە ناو بەرداشی دوو قەزاوەتەوە، یەكەم: تازە، خوراو نابینرێتەوە!، دووەم: خەتای بەغدایە و تەواوكارییەكەی نانێرێتەوە!.
ئەو دوو قەزاوەتە هیچیان ئیشی میدیا نین، هیچی تریش نین لە پڕوپاگەندەی سیاسی بەولاوە. ئەوەی پەرۆشی مووچەخۆرانی هەرێم بێت، دەزانێت كە ئەو دۆسێیە نابێ وەها مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، هەردوو مامەڵەكە ئەوەندەی بۆ مەرامی سیاسین، ئەوەندە بنكۆڵكاریی و پیشەیی نین، هەردووكیشیان دوو رووی دراوێكی بێبەهان لە زانستی میدیادا كە بریتییە لە نەگەڕان بەدوای راستیدا.
لە دەرەوەی ئەم رەخنەیە لە میدیا، رووماڵی راستەقینە ئەوەیە كە پێش هەر كارێك، دۆسێكە بەكراوەیی بمێنێتەوە. ئەمە دۆسێی سەدان ملیار دینار و مافی رەوا و سەرنگومكراوی پتر لە ملیۆنێك مووچەخۆرە، كە تا ئەم چركەساتەش، ئازایانە، لانیكەم مامۆستایان، لە سنووری یەكێك لە دەسەڵاتەكانی هەرێمدا، بەرگریی لێدەكەن.
لەوەش زیاتر، پێویستوایە كە دۆسێكە زانیاری و بەڵگەی نوێی لەبارەوە هەڵبدرێتەوە، یەخەی هەردوو وەزارەتی دارایی عیراق و هەرێم و نوێنەرانی كورد و پێكهاتەكانی تر لە هەردوو حكومەت و لە لیژنە پەیوەندیدارەكانی ناو پەرلەمانی عیراق بگیرێت و داوای روونكردنەوە بكرێت. ناكرێت قووتدانی مافی زیاتر لە ملیۆنێك خەڵك، هەروا تێپەڕێت و چارەنووسی نادیاربێت. ئەم پرسە كە لەنێوان بەغدا و هەولێردایە، ئەگەر بەوجۆرە ترسناكە تێپەڕێت، هیچ دوورنییە لە داهاتوودا زۆر مافی ئابووری و یاسایی تری هاووڵاتیان، دێزە بەدەرخۆنە بكرێن.