زایەڵە-تیمی پڕۆژەی رووناکی دەڵێت، زیادبوونی پارەی کارەبای 24 کاتژمێری، بە شێوەی پلەبەندیی زیادبوونی بەکارهێنانی کارەباکە دەبێت.
 
ئەمڕۆ شەممە تیمی پڕۆژەی رووناکی کە کار لەسەر ئەوە دەکەن کارەبای هەرێمی کوردستان بکەنە 24 کاتژمێری، بەمیدیاکانیان راگەیاند، "هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن نرخی کیلۆواتی کارەبای نیشتمانی دەکرێتە 156 دینار؛ پارەی کارەبا بەگوێرەی پلەبەندیی بەکارهێنانی کارەبایە."
 
بەگوێرەی تیمەکە، بەکارهێنانی کارەبا بۆ 400 کیلۆواتی نرخەکەی کەمترە و خێزانی کەم دەرامەت و ئەوانەی ئامێری کارەباییان کەمە دەتوانن لێی سوودمەند بن، ئەگەر بەکارهێنان بگاتە 800 کیلۆوات، نرخی 400 کیلۆواتی دووەم زیاتر دەبێت؛ ئەگەر 400 کیلۆواتی زیاتر بەکارهات و گەیشتە هەزار و 200 کیلۆوات، نرخی 400 کیلۆواتی سێیەم زیاتر دەبێت. بەڵام دەشڵێن: "ئەوەش هێشتا ئەزموونییە و بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە".
 
تیمەکە دەشڵێت، "دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیان لە دیاریکردنی نرخدا رەچاوی دۆخی هەموو خێزانەکان کراوەودەکرێت."
 
تیمی "پڕۆژەی رووناکی" باس لەوەش دەکات، "دەبێت بەکارهێنانی کارەبا بەگوێرەی پێویست بێت،هاونیشتمانییان بە هۆشیارییەوە ئەو ئامێرانە بەکاربهێنن کە کارەبای کەمیان دەوێت. بۆ نموونە، بۆیلەری کۆن 12 بۆ 14 ئەمپێری دەوێت، بەڵام هیتەری نوێی بۆیلەر هەیە کەمتر لە سێ ئەمپێری پێویستە."
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە پەرلەمانتاران باس لەوە دەکەن، ئێستا یەک کیلۆوات کارەبای نیشتمانی 18 دینارە، بەڵام دەبێتە 156 دینار. تیمەکە ئەوە رەت دەکاتەوە و دەڵێت، "پێشنیازی نرخ کراوە و بەرژەوەندیی هاوبەشان لەبەرچاو گیراوە، بەڵام پەسندکردنی دەوێت لە ئەنجوومەنی وەزیران و هیچ یەکێکیش لەو نرخانەی دیاریکراون، 156 دینار نین؛ بەرزترین نرخیش لە زۆرترین بەکارهێناندا کیلۆواتی ناگاتە 200 دینار."
 
کارەبای 24 کاتژمێری لە چوارچێوەی "پڕۆژەی رووناکیـ"ـدایە، کە 17-10-2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.
 
بەگوێرەی تیمی پڕۆژەکە بێت، تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو، کارەبای هەموو هەرێمی کوردستان دەکرێتە 24 کاتژمێری.

ک