زایەڵە - ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی ستراتیژیی نیشتمانیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزیری نەوتی عێراق پێی راگەیاندن، بەم نزیکانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
لیژنەکە لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە و پرسی وزە و ئاسایشی وزەیان تاوتوێکرد.
سەگڤان یوسف سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، کە ئەندامی لیژنە کاتییەکەیە بە میدیاکانی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری نەوت باسی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "کارەکانی لیژنەی هاوبەش بەردەوامە، کەشەکە ئەرێنییە، ئاسەنگ و بەربەستەکان لابراون".
بە وتەی سەگڤان یوسف سندی کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتیی کوردستانە، وەزیری نەوتی عێراق وتوویەتی: "بەم نزیکانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستپێدەکاتەوە".
رۆژی شەممە، 8ـی ئاداری 2025، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەفتەی رابردوو کۆبوونەوە بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا. وا دیارە دەبێت کۆبوونەوەی دیکە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بکرێت. ئێستا لە دوا قۆناخەکانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانداین".
باسم عەوادی وتی: "سەرجەم بەربەستە گەورەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت لابراون. هەردوو لایەنی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوی کۆتایی چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەدان کە ماون".
لەبارەی کاتی هەناردەکردنەوەی نەوت، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند: "بە گوێرەی زانیارییەکانمان و ئەو هەنگاوانەی گیراونەتەبەر، رەنگە لەم مانگەدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە."
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی کاتی بە ناوی لیژنەی ئاسایشی ستراتیژیی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی جواد بۆلانی پێکهێناوە، کە زۆربەی فراکسیۆنە دیارەکانی نێو پەرلەمان لە لیژنەکەدا ئەندامن.
لیژنەکە لەگەڵ وەزیر، گەورە بەرپرسان، سەرکردە سیاسییەکان و شارەزایان کۆدەبێتەوە، بۆ گەڵاڵەکردنی کۆمەڵێک پێشنیاز لەبارەی ئاسایشی ستراتیژیی نیشتمانی، دواتر لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت، وەک پێشنیاز دەخرێتە بەردەم حکومەتەکانی داهاتوو تاوەکو وەک ستراتیژ کاری لەسەر بکەن.
ک