زایەڵە ـــ باڵی فەرەنسی پاریس سانجێرمان جارێکی تر کەوتۆتە سەر راداری سعودییەکان.
عوسمان دێمبێلی کە لەم وەرزەدا لەژێر سەرپەرشتی لویس ئەنریکی لە پاریس سانجێرمان ئاستێکی باشی هەبووە و لەم وەرزەدا لە 37 یاریدا 30 گۆڵی تۆمارکردووە و 6 ئاسیستی پێشکەش کردووە، جارێکی دیکە سەرنجی سعودییەکانی ڕاکێشاوە. دەزگای هەواڵگری ئەلناسیۆنالی کەتەلۆنیا بڵاویکردەوە کە یانەیەکی سعودیە مووچەی ساڵانەی 100 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش بە دێمبیلی تەمەن 27 ساڵ کردووە.
دێمبیلی لە هاوینی 2023 ئۆفەرێکی پێنج ساڵەی لە یانەی نەسری سعودی پێگەیشتبوو پێش ئەوەی بڕیار بدات بەرشەلۆنە بە مەبەستی پاریس سانجێرمان بەجێبهێڵێت، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری دا ئەو پێشنیارە ڕەت بکاتەوە و بگەڕێتەوە بۆ فەرەنسا.
یاریزانی پێشووی بروسیا دۆرتمۆند و بەرشەلۆنە تاوەکو ئێستا 79 یاری بۆ پاریس سانجێرمان ئەنجامداوە و 36 گۆڵی تۆمارکردووە و 18 ئاسیستی بۆ هاوڕێکانی کردووە.
دێمبێلی کە تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2028 گرێبەستی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هەیە، لە بازاڕی گواستنەوەدا بە 55 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.