زایەڵە - سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند شەوی ڕابردوو، تیمی تەکنیکیی دارایی بە لیستی مووچەی مانگی ئادار و میزان موڕاجەعەی مانگی شوبات گەیشتنه بەغدا و ئەمڕۆش گەیشتووەتە دارایی فیدراڵ.

ئاماژەی بەوەش دا،ڕەنگە ئەمڕۆ ڕێکارەکانی وردبینیی لیستی مووچە لە ژمێرکاریی دارایی فیدراڵ دەست پێبکات، ئەگەرچی ڕەنگە ئەوان سەرقاڵ بن بە ڕێکارەکانی تەمویلی مووچەی وەزارەت و پارێزگاکانی عێراق، بەڵام ئەوەش نابێته بەربەست.

ئاشکراشی کرد، تیمی تەکنیکیی سەر بە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەمێننەوە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەماهەنگی دەکەن.

ئەو سەرچاوەیەی دارایی جەختی لەوەش کردەوە، ڕێکارەکانی وردبینیی ئەمجارە جیاوازن و کاتی کەمتری دەوێت، چونکە لیستەكە بەپێی داواکارییەکانی دارایی فیدراڵ ئامادە کراوە.

باسی لەوەش کرد، بۆ مووچەی مانگی شوبات، ئەو بڕە تەمویلەی کە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە داوا کرابوو، بەبێ هیچ لێبڕینێک خەرج کرا و چاوەڕوانن ئەم مانگەش بە هەمان شێوە بێ.

بۆ مووچەی مانگی ئادار، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان داوای نزیکەی 958 ملیار دیناری کردووە.

ك