زایەڵە - پاش نیوەرۆی ئەمرۆ، هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە دوو گەڕەكە كوردییەكەی حەلەب "ئەشرەفیە و شێخ مەقسود" كشانەوە، ئەمەش یەكێكە لە خاڵەكانی ئەو ڕێككەوتنەی یەكی ئەم مانگە لەنێوان ئەنجومەنی دوو گەڕەكەكە و ئیدارەی نوێی سوریا ئەنجامدرا.
رێككەوتنەكەی نێوان ئەنجومەنی ئەو دوو گەڕەكە كوردییە و ئیدارەی نوێی سوریا كە دەسەڵاتی بەسەر پارێزگای حەلەبدا هەیە، لە 14 خاڵ پێكدێت، دوێنێ خاڵێكی ڕێككەوتنەكە جێبەجێكرا كە ئازادكردنی 146 زیندانی و دیلی هەسەدە و هاوڵاتیانی كورد بوو لە حەلەب، لەبەرامبەریشدا 97 ئەندامی هێزە سەربازییەكانی حكومەتی نوێی سوریا ئازادكران.
خاڵی شەشەمی ڕێككەوتنەكە باس لە كشانەوەی هێزە سەربازییەكان لەو دوو گەڕەكە كوردییە دەكات بە چەكەكانیانەوە بەرەو رۆژهەڵاتی فورات، لەوچوارچێوەیەشدا ئەمرۆ ئەو خاڵە جێبەجێكرا، لە بری ئەو هێزانەش هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەمێننەوە كە خەڵكی حەلەبن.
وردەكاری رێككەوتنەكە
یەكی ئەم مانگە ئەنجومەنی مەدەنی دوو گەڕە كوردنشینەكەی حەلەب و لیژنەی سەرۆكایەتی سوریا رێككەوتنێكی 14 خاڵیان واژۆكرد بۆ پاراستنی تایبەتمەندی ئەو دوو گەڕەكە، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق.
بەپێی دەقی رێككەوتنەكە كە ئەمڕۆ واژۆكراوە، تایبەتمەندی هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی كوردنشین لە حەلەب لەبەرچاو دەگیرێت لە پێناو پاراستنی پێكەوەژیان و رێگە بە هێرشكردنە سەریان نادرێت، هەروەها سەرجەم هێزەكان لەو دوو گەڕەكە دەكشێنرێنەوە بەرەو رۆژهەڵاتی فورات و هێزەكانی حكومەت جێگیر دەكرێن.
هەر بەپێی رێككەوتنەكە، لیژنەیەك پێكدەهێنرێت بۆ ئاسانكاری هاتوچۆ لەنێوان حەلەب و ناوچەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەو دوو گەڕەكە نوێنەریان دەبێت لە ئەنجومەنی پارێزگای حەلەب و سەندیكا و ژوری بازرگانی.
رێككەوتنەكە تا جێبەجێكردنی تەواوەتی رێككەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە كاری پێدەكرێت.
رێككەوتنی شەرع و عەبدی
رۆژی (10ـی ئازاری 2025) مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان واژۆكرد، تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و پاراستنی مافەكانی كورد لە دەستوردا.
خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، خاڵی دووەمیش تاییەتە بەوەی كە مافە دەستورییەكانی كورد گرەنتی دەكرێت و كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا.
لەخاڵی سێیەمی رێككەوتنەكەدا، جەخت لە راگەیاندنی ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا كراوەتەوە. خاڵی چوارەمیش تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر لەچوارچێوەی سوریا لەناویاندا دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز.
بەپێی خاڵی پێنجەمی رێككەوتنەكە، پێویستە گرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بكرێت بۆ ناوچەكانیان. لەخاڵی شەشەمدا جەخت لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەت كراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی ئەسەد. خاڵی حەوتەمیش تایبەتە بە رەتكردنەوەی دابەشبوونی سوریا.
لەخاڵی هەشتەم و كۆتایی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە لیژنە تایبەتمەندەكان پێویستە تا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن.