زایەڵە-هەرێمی کوردستان لە ساڵی داهاتوو ١٧٥٠ مێگاوات کارەبا بەبێ هیچ سوتەمەنییەک بەرهەم دەهێنێت.

لە وێستگەکانی هەولێر و چەمچەماڵ و خوڕمەڵە و بازیان سیستەمی کۆمباین سایکڵ بۆ تۆڕباینەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دانراوە کە بەغاز کار دەکەن و دەتوانرێت نیوەی توانای ئەو وێستگانە کارەبا بەرهەم بهێنرێت، تەنها لە گەرمی تۆڕباینەکانی غاز بەبێ ئەوەی پێویست بە غازی زیاتر یان هیچ سوتەمەنییەک بکات.

بەپێی زانیارییەکان، سیستەمەکە بە جۆرێکە لە ڕێگای بەکارهێنانی گەرمی تۆڕبایینەکان و بەکارهێنانی هەڵمی ئاو تۆڕباینی هەڵمی دروست دەکرێت. ئەگەر وێستگەیەک توانای بەرهەم هێنانی هەزار مێگاوات کارەبای بەغاز هەبێت دەتوانرێت بەو سیستەمە ٥۰۰ مێگاوات کارەبای تری لێ بەرهەم بهێنرێت.

بەهۆی ئەوەی بڕی غازی بەرهەمهێنراوی کێڵگەی کۆرمۆر بەشی وێستگەکانی چەمچەماڵ و هەولێر و خوڕمەڵە و بازیان و دهۆک بەتەواوی ناکات ناتوانرێ هەموو یەکەکانی وێستگەکان بخرێنەکار و هەموو سیستەمەکانی کۆمباین سایکڵ کار بکەن. بەڵام ساڵی داهاتوو لەگەڵ زیاد بوونی بەرهەمی غازی کۆرمۆر لە ٥۳۰ ملیۆن بۆ ٨۰۰ ملیۆن پێ سێجا لەڕۆژێکدا سیستەمەکانی کۆمباین سایکڵ لە وێستگەکان بەتەواوی دەکەونەکار.

هەریەک لە وێستگەکانی هەولێر و چەمچەماڵ، کە کۆمپانیای ماس خاوەندارێتی دەکات توانایان هەزار و ٥۰۰ مێگاواتە کە هەزار مێگاواتی بەغاز و ٥۰۰ مێگاواتی بەکۆمباین سایکڵە. هەردوو وێستگەکە پێکەوە توانای هەزار مێگاوات کارەبایان بە کۆمباین سایکڵ هەیە.

وێستگەی خوڕمەڵە کە کۆمپانیای کار خاوەنداری دەکات و توانای بەرهەمهێنانی ۹٨۰ مێگاوات کارەبای هەیە. سیستەمی کۆمباین سایکڵی بۆ دانراوە و توانای وێستگەکەی بۆ هەزار و ٥۰۰ مێگاوات بەرز دەکاتەوە.

وێستگەی کارەبای بازیان، کە کۆمپانیای قەیوان خاوەندارێتی دەکات چوار یەکەی بەرهەمهێنانی هەیە، کەبەهەموویانەوە ٥۰۰ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن، سیستەمی کۆمباینی هەیە کە توانای ۲٥۰ مێگاواتی هەیە.

هەر چوار وێستگەکە توانای هەزار و ۷٥۰ مێگاوات کارەبایان بە کۆمباین دەبێت. بەجۆرێک هەریەک لە وێستگەکانی هەولێر و چەمچەماڵ و خوڕمەڵە بەتوانای ٥۰۰ مێگاوات و وێستگەی بازیان بەتوانای ۲٥۰ مێگاوات و لەداهاتوش دەتوانرێ هەمان سیستەم بۆ وێستگەی غازی دهۆک دابنرێت و ٥۰۰ مێگاوات بەکۆمباین بەرهەم بهێنرێت، چونکە توانای تۆڕباینە غازییەکانی هەزار مێگاواتە.

سیستەمی کۆمباین سایکڵ سیستەمێکی دۆستی ژینگەو بێ تێچووەو ڕێگری لە گەرمی تۆڕباینەکانی غاز دەکات بۆ ناو هەوا.

ک