زایەڵە-بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی نیسانی 2025، لە سەرتاسەری پارێزگاکانی عێراق مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەران بەڕێوەبچێت.

لیژنەی هەماهەنگی مانگرتنی مامۆستایان رایگەیاند، "بە مەبەستی جێبەجێکردنی چەند داواکارییەک، مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی عێراق لە سەرجەم پارێزگاکان بەڕێوە دەچێت".

فەرمانبەران و مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوای زیاد کردنی مووچە و شایستە داراییەکانیان دەکەن لەگەڵ پێدانی چەند مافێکی دیکە.

ئاماژە بەوەکراوە، "دەبێت یاسای خزمەتی پەروەردەیی لەگەڵ خزمەتی زانکۆیی لە رووی مووچە و دەرماڵە و شایستە داراییەکانیان هاوتا بکرێن کە دەرماڵەکانی بڕوانامە و ناونیشانی زانستی، هاتوچۆ، هاوسەرگیری و منداڵ، دەگرێتەوە."

وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە سەرجەم پارێزگاکان، هەموو مامۆستایان و فەرمانبەرانی قوتابخانەکانی ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی نیسانی 2025، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەوام ئاساییە و دەبێت پابەندی دەوام بن.

ك