زایەڵە-وەزیری دارایی ڕایگەیاند، لە ڕێگای بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکییەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەکانی بەردەم شێوازی دابەشکردنی مووچە بەتەواوی چارەسەر دەبێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دارایی،ڕۆژی یەکشەممە 6 نیسان،ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە بەڕێوەبەری بەشێک لە بانکەکانی سنوری پارێزگای هەولێر.
لەدیدارێکدا محەمەد ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان ئامادەی بوو، وەزیری دارایی وێڕای پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرجەم بانکەکان کرد کە لەماوەیەکی کەمدا توانییان مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆران بە بەبێ کێشە و گرفت دابەش بکەن.
ئاماژە بەوەش دراوە، لە بەشێکی تری دیدارەکەدا تیشک خرایەسەرهەنگاوەکانی وەزارەت بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی بانکەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: " لە ڕێگای بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکییەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەکانی بەردەم شێوازی دابەشکردنی مووچە بەتەواوی چارەسەر دەبێت."
وەزیری دارایی و ئابووری داوای لە بەڕێوەبەری بانکەکان کرد لە چوارچێوەی ئەو ڕێنمایی و دەسەڵاتانەی پێیان دراوە کارئاسانی تەواو بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان و فەرمانگەکان و کۆمپانیاکان و بەڵێندەران بکەن.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان و بەڕێوەبەری بانکەکانی سنوری پارێزگای هەولێر سوپاسی وەزیری داراییان کرد کە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو هەمیشە پشتیوان و هاوکاریان بووە و هەر پێداویستییەک لە خزمەت بەرەوپێشچوونی ژێرخانی بانکەکان بووبێت ڕەزامەندی لەسەر داوە.
ک